سەردێڕ:

ئێران: ئەگەر سزاکانمان لەسەر لانەبرێت لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتەکە دەکەینە دەرەوە

فۆتۆ: 
2021-01-09

979 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو ٢١ی مانگی داهاتوو سزاکانی سەر ئێران لانەبرێت لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتەکە دەکەنە دەرەوە و دەشڵێت، ماوەی مانگێک دەدەنە جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

ئەحمەد فەرهانی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە حاڵەتی ئەگەری ئەوەی کە تاوەکو ٢١ی شوباتی ئەمساڵ سزاکانی سەر ئێران لە ماددی و ئابوری و نەوتی لانەبرێن، ئەوا لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتەکەیان دەکەنە دەرەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ماوەی مانگێکی تەواو لە بەردەستی جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێرداروی ئەمریکادا دەبێت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویست لە بابەتەکە، بە پێچەوانەشەوە تاران داکۆکی لە مافە رەواکانی خۆی دەکات."

ئەحمەد فەرهانی راشیگەیاندووە، "گرێبەستی ئەتۆمی تەنها لەیەک لایەنەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەو لایەنەش بریتیە لە ئێران، بۆیە تاران بەوە رازی نییە."

جەختی لەوەشکردووەتەوە، "گرێبەستی ئەتۆمی هیچ سودێکی ئابوری بۆ ئێران نەبووە" و ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەوروپا پابەندی گرێبەستەکە نەبووە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، گرێبەستەکەی دڕاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێران لەم چەند رۆژەی رابردوودا هەستا بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی %٢٠، وەکو بەشێک لە پلانێکی ستراتیجی بۆ بەرەنگاربوونەوەی فشارە دەرەکیەکان و لەو نێوەندەشدا بڕیاری زیادکردنی پیتاندنەکەش لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو لە لایەن پەرلامانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکرا.