سەردێڕ:

ئایا ترەمپ دەتوانێت بە تەنیا بڕیاری بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا بدات؟

فۆتۆ: 
2021-01-09

9240 جار خوێندراوەتەوە

پاش هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ،  دەیڤید جولی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پیران لە تویتێکیدا هۆشداریدا، لەوەی ترەمپ هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی لێ قەدەغەکراوە، بەڵام هێشتا هێمای چەکە ئەتۆمییەکانی لەدەستدا ماوە. 

بەپێی قسەی میدیاکان، ئەگەرچی رەنگە تویتەکەی دەیڤید جولی گاڵتە ئامێز بووبێت، بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تێگەیشتوون لەوەی هێشتا دەکرێت، 'هەرکات سەرۆک ئارەزووبکات تۆڵە لە دوژمنەکانی بکاتەوە.'

لە ئێسادا پرسیارەکان ئەمانەن، هێمای چەکە ئەتۆمییەکان چین؟ سەرۆکی ئەمریکا چ دەسەڵاتێکی هەیە لە فەرمان کردن بە هەڵگیرساندنی جەنگی ئەتۆمی؟

سەرۆکەکانی ئەمریکا ماوەی ٥٣ ساڵە بۆ هەرکوێ بچن جانتایەک لەگەڵ خۆیان دەبەن، کە لە ڕێیەوە دەتوانرێت جەنگی ئەتۆمی بەرپابکرێت.

لە ساڵی ١٩٦٢وە و لەسەردەمی سەرۆکایەتی جۆن کەنەدی کاتێک گرژی و ئاڵۆزییەکانی جەنگی سارد پەرەی سەند، داوای کرد، کە ئایا دەتوانێت ئەو چەکە بەکاربهێنێت؟ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بەرپرسە سەربازییەکان جانتایەکیان دروستکرد، لەو کاتەوە سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا  بۆ هەر کوێ گەشتیان کردبێت، جانتایەکی رەش لەگەڵ خۆیان دەبەن، کە بە تۆپی پێی ئەتۆم ناسراوە.

ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٧ لە زاری بروس جی بلێر شارەزا لە ئاسایشی ئەتۆمی لە زانکۆی برینستۆن بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لەبەر ئەوەی سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی وڵاتە و بەگوێرەی ماددەی دووەمی دەستور، تاکەکەسە دەسەڵاتی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبێت.

ئەوەشی خستبووەڕوو، پێش بەکارهێنانی پێویستە سەرۆک لەگەڵ راوێژکارە سەربازی و مەدەنییەکانی لە کۆشکی سپی کۆبێتەوە و تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی ئەتۆمی بکەن، بەڵام لە کاتێکدا ئەگەر موشەکی دوژمن بە ئاراسەتی وڵات دانران، ئەوا دەتوانێت تەنیا ٣٠ چرکە پرسیان پێبکات، لە کۆتایشدا پنتاگۆن تەنها گوێ بۆ فەرمانی سەرۆک دەگرێت.

بروس جی بلێر دەشڵێت، لە کاتی پەیوەندی کردنی سەرۆک بە پنتاگۆنەوە پێویستە خۆی بناسێنێت و دڵنیابن ئەوە سەرۆکە فەرمانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، بۆ ئەمەش هێمایەکیان داناوە لە ١٥٠ پیت پیکهاتووە و سەرۆک بەکاریدەهێنێت.

لە ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠١٧ کاتێک  دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد، تیمەکەی باراک ئۆباما جانتاکەیان رادەستی تیمی ترەمپ کرد، بەڵام لە ئێستادا ترەمپ بڕیاریداوە بەشداری رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکار بونی جۆ بایدن نەبێت چۆن ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە پنتاگۆن بە ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەری راگەیاندووە، پلانێکی ئامادەکراویان بۆ ئەم سیناریۆیە داناوە.