سەردێڕ:

ئایا پەرلەمانی عێراق دەتوانێت گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناردا بکات؟

فۆتۆ: 
2021-01-09

19424 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو بەشەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە و باس لە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار عێراق دەکات، کە بۆ هەر ١٠٠ دۆلار بەرانبەر ١٤٥ هەزار دینار دانراوە و نرخى بەرمیلێک نەوت بە ٤٢ دۆلار دانراوە، بەهیچ شێوەیەک پەرلەمان ناتوانێت کەم یان زیادی بکات.


ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو بەشەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە و باس لە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار عێراق دەکات، کە بۆ هەر ١٠٠ دۆلار بەرانبەر ١٤٥ هەزار دینار دانراوە و نرخى بەرمیلێک نەوت بە ٤٢ دۆلار دانراوە، بەهیچ شێوەیەک پەرلەمان ناتوانێت کەم یان زیادی بکات.

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامى لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، "لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا تەنها خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکرێت و هیچ بڕیارێک نادرێت لەسەر نرخی دۆلار بەرانبەر دینارى عێراقى،"دەشڵێت، "ئەو بەشەی لەناو پرۆژەکەدا هاتووە و باس لە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار عێراق دەکات، کە بۆ هەر ١٠٠ دۆلار بەرانبەر ۱٤٥هەزار دینار دانراوە و نرخى بەرمیلێک نەوت بە ٤٢ دۆلار دانراوە، بەهیچ شێوەیەک پەرلەمان ناتوانێت دەنگیان لەسەر بدات و کەم یان زیادیان بکات".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "نرخی دینار بەم شێوەیەى ئێستاى نزیکەی ۲۳ ترلیۆن دینار بۆ حکومەت گەراندووەتەوە بۆیە گۆڕانکاریکردن لەبەرژەوەندی حکومەت نابێت هەر گۆڕانکاریەک بکرێت یاساکە تێکدەدات و کورتهێنان زیاد دەکات و حکومەت پێی پڕناکرێتەوە".

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی يەکەم بۆ پڕۆژە ياسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دەکات، هاوکات، بودجەی عێراق زیاتر لە ١٦٤ ترلیۆن دینارە، داهاتەكەی زیاتر لە ٩٣ ترلیۆن دینارە، ٧٣ ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتە، ٢٠ ترلیۆن دیناری داهاتی نانەوتییە.

بودجەکە زیاتر لە ٧١ تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، ئەوەش كێشمەكێشی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق هێناوەتە كایەوە، جگە لەوەی بووەتە سەرچاوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە بودجەكەشدا لە ٪١٢.٦٧ وەک پشكی هەرێم دانراوە، بەمەرجی پێدانی  ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان.