سەردێڕ:

​حه‌سه‌ن نه‌سروڵا: دوگمەی هاویشتنی چه‌كی ئەتۆمی ئەمریکا به‌ ده‌ست شێتێکەوەیە

فۆتۆ: 
2021-01-09

1437 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌مینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، "دوگمەی هاویشتنی چه‌كی ئەتۆمی ئەمریکا به‌ ده‌ست شێتێکەوەیە و رووداوه‌كانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌و وڵاتە ئەو راستیه‌ دەسەلمێنێت."

حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵای لوبنان له‌ وتارێكدا رایگەیاند، "ئەوەی لە ئەمریکا روویدا پرسێکی مه‌ترسیدار و گەورەبوو و کاردانەوەی زۆر خراپیشی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی جیهان  و ده‌بێت ئه‌و رووداوانه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر كۆنگرێسی ئه‌مریكا كارێكی مه‌ترسیداره‌ و نابێت بچوک بکرێتەوە، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ خاوه‌نی چه‌كی ئەتۆمیە و ناشبێت ئه‌و چه‌كانه‌ به‌ده‌ست شێتێكه‌وه‌ بن."

ئه‌مینداری گشتی حزبوڵای لوبنان ئەوەشی خستەڕوو، "هیوادارم كۆتا رۆژه‌كانی تره‌مپ به‌ ئاشتی تێپه‌ڕن."  

پێشتریش، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندبوو، "رووداوی هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا دەریخست دیموکراسی لەو وڵاتەدا چەند شکستخواردوو و سستە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و خۆپیشاندەران ویستیان بچنە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە، تیایدا گرژی و پشێوی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.