سەردێڕ:

لە کاتی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا میلانیا چی دەکرد؟

فۆتۆ: 
2021-01-09

4407 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا لایەنگران و دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێسی وڵاتەکەیان سەرقاڵی خۆپیشاندان و هەڵکوتانە سەر باڵەخانەکەبوون و پێکدادان لە نێوان ئەوان و پۆلیسدا روویدا و بریندار و گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە، هاوکات، خانمی یەکەمی ئەمریکا لەلای پەنجەرەکانی کۆشکی سپییەوە و لەسەر فەرشە سورەکان لەگەڵ تیمی وێنەگرتنەکەی سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆی بووە و سەرپەرشتی کردوون.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەک لە تیمی سەرپەرشتیاری چالاکییەکانی میلانیا ترەمپی هاوسەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، خانمی یەکەم رۆژی چوارشەممە لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی بەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس و هەڵکوتانەسەری لەلایەن دەنگدەر و لایەنگرانی ترەمپەوە، لە پەنجەرەکانی کۆشکی سپی و لەسەر فەرشە سورەکان سەرقاڵی وێنەگرتن بووە.

هاوکات، جگە لە خانمی یەکەم، وێنەی فەرش و کەل و پەلەکانی ناو کۆشکی سپی و بەشی رۆژهەڵاتی کۆشکەکەش گیراوە و میلانیا سەرپەرشتی کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بەمەبەستی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و خۆپیشاندەران ویستیان بچنە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسەوە، تیایدا گرژی و پشێوی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.