سەردێڕ:

لە نێوان واشنتن و هەرێمدا؛ چۆن یاسا لە سەرۆکی ئەمریکای بردەوە و وڵاتەکەی پاراست

فۆتۆ: 
2021-01-08

1533 جار خوێندراوەتەوە

لە دوو مانگى رابردوودا دۆناڵد ترەمپ لە بەرپرسانى ویلایەتەکان و دادوەر و دادگاکانى ئەمریکا بێهیوابوو بۆ گۆڕینى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لەبەرژەوەندى خۆى، لەکاتێکدا بەشێکى زۆر لەو بەرپرسانە لە حزبەکەى ترەمپن و بەشێک لە دادوەرەکانیش لەلایەن خودى ترەمپەوە دانراون، لەوبارەوە، چاودێران دەڵێن، بەهۆی پتەوبوونی بناغەی دامەزراوەکان لە ئەمریکا یاسا بەسەر ئیرادە و ویستی سەرۆکدا سەرکەوت، بەپێچەوانەوە لە هەرێمى کوردستان هەست بە بۆشایی بوونی دامەزراوەیی دەکرێت و کەس و حزبە باڵادەستەکان لە سەرووی یاسا و پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەرییەوەن.

سەرباریی ئەوەی هێرشی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر کۆنگرێس جیهانی تووشی شۆک کرد، بەڵام بە هۆی پتەوبوونی بناغەی دامەزراوەکان لە ئەمریکا ئەو شۆکە تێپەڕێنرا و  یاسا بەسەر ئیرادە و ویستی سەرۆکدا سەرکەوت. حاڵەتێک کە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام پێچەوانەکەی بەدیکراوە.

هەر لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ترەمپ باسی لە بوونی ساختەکاری بەربڵاو دەکرد لە پرۆسەکەدا.

هەرچەندە بەشێکی زۆر لە حاکمی ویلایەتەکان و بەرپرسانی پەیوەست بە کاروباری هەڵبژاردن لەو ویلایەتانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان یەکلادەکردەوە سەر بە پارتەکەی ترەمپ و کۆمارییەکان بوون، بەڵام ئامادە نەبوون یاری بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن لە بەرژەوەندی حیزبەکەی خۆیان و ترەمپ، بەڵکو رایانگەیاند کە دەستور و یاسا لە پێش حیزب و سەرۆکەوەیە.

دادوەری تاکە کەسی کە ترەمپ دایمەزراندوە و دادگای باڵای ویلایەت و دادگای باڵای فیدراڵی کە گەورەترین دادگای ئەمریکایە و سیان لە دادوەرەکانی ترەمپ دایمەزراند، کەسیان لە بەرژەوەنەی ترەمپ هیچ بریارێکیان نەدا بە هۆکاری ئەوەی تانەکانی ترەمپ یاسایی نین و بەڵگەیان لەگەڵدا نییە.

سکرتێری ویلایەت کە لە سێ ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا سەر بە پارتەکەی ترەمپن و بەرپرسن لە هەڵبژاردنەکان و دەیانتوانی ئەنجامەکە بگۆرن لە بەرژەوەندی ترەمپ، ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندی بایدن ئەنجامەکانیان پەسەند کرد.

 هەرچەندە بە پێی تۆمارێکی دەنگی کە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی کردەوە سەرۆکی ئەمریکا بە شەخسی پەیوەندی تەلەفۆنی کردوە بە سکرتێری ویلایەتی جۆرجیا و زمانی هەرەشەی بەکارهێناوە بۆ گۆرینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەڵام ناوبراو گوێی لە سەرۆک نەگرتوە و ئەنجامەکانی پەسەند کرد.

هەروەها پەرلەمانی بچوکی ویلایەتەکان و ئۆفیسی هەلبژاردنەکان و ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەی کە هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکەن، لە هەموو ئەوانەدا ترەمپ سەرکەوتوو نەبوو کە ئەنجامەکە لە بەر خواستی خۆی بگۆڕێت سەرباری ئەوەی کە بەشی زۆری ئەم دامەزراوانە لە ژێر رکێفی کۆمارییەکانە ، بە تایبەت لە و ویلایەتانەی کە تەواوی ئەنجامی هەلبژاردنەکان یەکلا دەکەنەوە وەک ویلایەتی ئەریزۆنا و جۆرجیا و میشیگان .

دواتر و لە قۆناغی پەسەندکردنی ئەنجامەکان لە ئەنجومەنی دەنگدان لە ٢٠ی مانگی ١٢دا ترەمپ گرەوی لەسەر ئەوەکردبوو کە کۆمارییەکان ئەنجامەکان پەسەند ناکەن، بەڵام ئەم تیرەشی نەیپێکا و ئەنجومەنەکە ئەنجامەکەیان لە بەرژەوەندی جۆ بایدن پەسەند کرد.

لە دوایین قۆناغیشدا مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە ئەویش لە کۆمارییەکانە، بەپێچەوانەی خواست و داواکاری ترەمپەوە وێڕای ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی پیران کە کۆمارییەکان تیایدا باڵادەستن ئەنجامی هەڵبژاردنیان پەسەند کرد و جۆ بایدنیان وەک سەرۆک راگەیاند.

ئەی لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە چۆنە؟

لە هەرێمی کوردستاندا دوای ٣٠ ساڵ لە حوکمی پارتی و یەکێتی نە لە ناو دادگا نە لە ناو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە دەگمەن کەسێک بە دی دەکرێت کە رێز لە پیشەکەی و دامەزراوەکەی بگرێت.

بەپێی روداوەکانی رابردوو بێت دەردەکەوێت، لە هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆنێک دادوەر فەرمانی گرتن دەردەکات و فەرمانی گرتن هەلدەوەشێنێتەوە، بە تەلەفۆنێک پەرلەمان دادەخرێت و دەکرێتەوە، بە تەلەفونێک کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکان پەسەند دەکەن یاخود رەتی دەکەنەوە.

دوای ٣٠ سال لە حوکمرانی پارتی و یەکێتی، نەیانتوانیوە نمونەیەکی جوان پیشانی دەرەوە بدەن، بەڵکو نەتوانراوە نمونەیەکی نیمچە پەسەند نیشانی هەم میلەتی خۆیان و هەم دونیای دەرەوە بدەن و هەست بە بۆشایی بوونی دامەزراوەیی دەکرێت و کەس و حزبە باڵادەستەکان لە سەرووی یاسا و پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەرییەوەن.