سەردێڕ:

چوار چەکداری حەشدی شەعبی لە سوریا کوژران

فۆتۆ: 
2021-01-07

1056 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، چوار چەکداری حەشدی شەعبی عێراقی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە نزیک شاری بوکمال لە سوریا کوژران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان ئۆتۆمبێلێکی حەشدی شەعبی عێراقیان لەناو خاکی سوریا بە ئامانج گرتووە بەهۆیەوە چوار چەکدار کوژراون، بەگوێرەی روانگەی سوری، ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبی لە رێگەی نایاسایی سەر سنوری نێوان عێراق و سوریاوە لە نزیک شاری ئەلبوکمال لە ریفی دیرەزوری خۆرهەڵتەوە چوونەتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە.

هەر بەگوێرەی روانگەی سوری، لە نیوەشەوی چوارشەممە بۆ پێنجشەمە فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەندین پێگە و بنکەکانی حوکمەتی سوریا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتان لە باشوری سوریا و ریفی دیمەشق و ئەو ناوچانەی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانی لێبووە، لە نێویشیاندا حیزبوڵای لوبنانی بە ئامانج گرتووە و بۆردوومانی کردوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١١ ەوە کێشە ناوخۆییەکان و جەنگ لە سوریا سەریان هەڵداوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە ٣٨٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژێرخانی ئابوری و چەندین شار و باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە.