سەردێڕ:

سیناتۆرێکی ئەمریکی باسی کوردانی سوریا و رای جیاوازی دوو سەرۆک دەکات

فۆتۆ: 
2021-01-07

9260 جار خوێندراوەتەوە

سیناتۆر لیندسی گراهام سەر بە کۆمارییەکان رایگەیاند، "داوام لە ترەمپ کرد لە سوریا نەکشێتەوە لەبەر کوردەکان و گوێی لێگرتم، بەڵام ئۆباما کە پەیوەندی باشم هەبوو لەگەڵیدا، بەوجۆرە گوێی لێ نەدەگرتم، پێموت لە عێراق نەکشێتەوە، بەڵام کشایەوە".

ئەو سیناتۆرە ئەمریکیە لەبارەی رووداوەکانی دوێنێشەوە رایگەیاند، کە ئەو خەمبارە بەوەی دۆناڵد ترەمپ هۆکاری پشێوییەکان بووە.

راشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نییە کە ماددەی ٢٥ی دەستوور دژ بە دۆناڵد ترەمپ بجوڵێنرێت و پێش وادەی خۆی لە پۆستەکەی لابدرێت، بەڵام هەموو بژاردەکانی دیکە کراوەن.

باسی لەوەشکرد، ئەوان وەکو کۆمارییەکان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی ٢٢ی کۆنگرێسدا بە هێزەوە بگەڕێنەوە و زۆرینە بەدەستبهێننەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پاش گەیشتنی خۆپیشاندەران بە بەردەم بینای کۆنگرێس، بەربەستەکانی بیناکەیان تێکشکاند و چوونەژوورەوە، بەوەش گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو و دواتر پاسەوانی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە فەرمانیان پێکرا بۆ پاراستنی کۆنگرێس، هاوکات، لە میانی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

لای خۆشییەوە، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، هیچ لێخۆشبونێک بۆ دەستدرێژییەکانی سەر بینای کۆنگرێس ناکرێت.

میدیاکانی ئەمریکاش بڵاویانکردەوە، دۆناڵد  ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چوونە ناو کۆشکی سپی لە مایک پێنسی جێگری قەدەغەکردووە، دوای ئەوەی رەتیکردوەتەوە گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بکات.

رۆژی ٣ی ١١ی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیپێکرد و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٨١ ملیۆن دەنگی هاوڵاتیان و ٣٠٦ دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردن رکابەرییەکەی لە دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بردەوە.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە ٧٤ ملیۆن دەنگی هاوڵاتیان و ٢٣٢ دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا و بەوەش بەو ئاواتەی نەگەیشت، کە دەیویست بۆ دووم خول سەرۆکایەتی ئەمریکا بکاتەوە.