سەردێڕ:

لەبری بازاڕی سیمەکەی هەولێر؛ حکومەت بازاڕی 'سپی' دروست دەکات

فۆتۆ: 
2021-01-07

5697 جار خوێندراوەتەوە

شارەوانی شەشی هەولێر ئاشکرایکرد، بەفەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەجیاتی  بازاڕی سیمەکەی هەولێر کە ساڵی پار سوتا، لەسەر رووبەری ٤٣ هەزار مەتر بازاڕێکی نوێی هاوچەرخ بەناوی بازاڕی سپی دروستدەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شۆڕش عەلی بەڕێوەبەری شارەوانی شەشی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، "دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بازاڕی سیمەکە گڕیگرت و شوێنەکەی گونجاو نەبوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاری هەولێری راسپاردووە لەبری ئەو بازاڕە، بازاڕێکی دیکەی هاوچەرخ لە شونێکی گونجاودا دروستبکرێت."

ئاماژەی بەوەشدا، "رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە لەسەر رووبەری ٤٣ هەزار مەتر بازاڕی سپی دروست بکرێت، کە پارکینگێکی گەورەی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێڵ تێدابێت."

ئەوەشی خستەڕوو، "بازاڕی سپی نەخشەکەی تەواو بووە و لە قۆناغی تەندەرینە، بەڵام پارەیەکی زۆری پێویستە کە زیاتر لە ١٠ ملیار دینارە و هەموو پێوەرەکانی بازاڕی تێدایە."

لە ٢٤ی ٧ی ساڵی رابردوودا، بازاڕی سیمەکەی هەولێر لە گەڕەکی کوردستانی ئەو شارە سوتا و بەهۆیەوە زیانی ماددی زۆر بەر بازاڕەکە کەوت و نزیکەی ٣٠٠ دوکانی بازاڕەکە سوتان.

No description available.

No description available.