سەردێڕ:

رۆحانی: رووداوەکانی کۆنگرێس دەریخست دیموکراسی لە ئەمریکا چەند شکستخواردووە ​

فۆتۆ: 
2021-01-07

6783 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە هێرشکرایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و پشێوی لە واشنتن دروستبوو، لەوبارەوە، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "رووداوەکانی شەوی رابردوو دەریخست دیموکراسی لە ئەمریکا چەند شکستخواردووە و سستە."


دوای ئەوەی دوێنێ لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە هێرشکرایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و پشێوی لە واشنتن دروستبوو، لەوبارەوە، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "رووداوەکانی شەوی رابردوو دەریخست دیموکراسی لە ئەمریکا چەند شکستخواردووە و سستە."

حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "رووداوەکانی شەوی رابردوو دەریخست دیموکراسی لە ئەمریکا چەند شکستخواردووە و سستە"، دەشڵێت، "بۆتان دەرکەوتووە ترەمپ چەند زیانی لە یەمەن و سوریا و فەلەستین داوە، ئێستا دەیبینن پیاوێکی ناکامڵی لەوجۆرە ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت چی بەسەر جیهاندا دەهێنێت و چ کێشیەک بۆ ئەمریکاش دروستدەکات."

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، "ترەمپ پیاوێکی پۆپۆلیستیە و ئابڕوی ئەمریکا بردووە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هیوام وایە ئەمە وانەیەک بێت بۆ هەموو جیهان و وانەیەک بێت بۆ ئەو کەسەی چەند رۆژێکی دیکە دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا گردبوونەوەیەکیان دژی ئەوە ئەنجامدا، کە لە کۆبوونەوەکەی کۆنگرێسی ئەمریکادا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە پەسەند بکرێت، ترەمپ هانی لایەنگرانیدا کە بەرەو کۆنگرێس بەڕێبکەون.

پاش گەیشتنی خۆپیشاندەران بە بەردەم بینای کۆنگرێس، خۆپیشاندەران بەربەستەکانی بیناکەیان تێکشکان و چوونە ناو بیناکەوە، بەوەش گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو و دواتر پاسەوانی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە فەرمانیان پێکرا بۆ پاراستنی کۆنگرێس، هاوکات، لە میانی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

لای خۆشییەوە، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستبووڕوو، هیچ لێخۆشبونێک بۆ دەستدرێژییەکانی سەر بینای کۆنگرێس ناکرێت.

میدیاکانی ئەمریکاش بڵاویانکردەوە، دۆناڵد  ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چوونە ناو کۆشکی سپی لە مایک پێنسی جێگری قەدەغەکردووە، دوای ئەوەی رەتیکردوەتەوە گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بکات.

رۆژی ٣ی ١١ی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیپێکرد و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٨١ ملیۆن دەنگی هاوڵاتیان و ٣٠٦ دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردن رکابەرییەکەی لە دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بردەوە.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ زیاتر لە ٧٤ ملیۆن دەنگی هاوڵاتیان و ٢٣٢ دەنگی ئەنجومەنی هەڵبژاردنی بەدەستهێنا و بەوەش بەو ئاواتەی نەگەیشت، کە دەیویست بۆ دووم خول سەرۆکایەتی ئەمریکا بکاتەوە.