سەردێڕ:

پارێزگای هەولێر: تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نزیکەی ١١ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر

فۆتۆ: 
2021-01-06

594 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تەنها لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نزیکەی ١١ هەزار گەشتیار چوونەتە ناو هەولێر و وەزیری تەندروستیش دەڵێت، بەهۆی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوانەی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن بە تایبەت وڵاتی بەریتانیا جموجۆڵی گەشت و هاتنەوە مەکەن.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، کە بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر بەدەستگەیشتووە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٠ هەزار و ٧٠٠ گەشتیار لەباشور و ناوەڕاستی عێراق لەڕێگای بازگەکانەوە سەردانی هەولێریان کردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو گەشتیارانە لە رێگای پاسی گەشتیاری و ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە سەردانی شاری هەولێریان کردووە.

لە بەرامبەریشدا ئێوارەی ئەمڕۆ، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و بە هاوڵاتیان دەڵێت، "تادەکرێت خۆڕاگربن، ئەگەر پێویست نەبێت گەشت بۆ دەرەوەی وڵات مەکەن یان ئەوانەی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن بە تایبەت وڵاتی بەریتانیا جموجۆڵی گەشت و هاتنەوە مەکەن"، هۆکارەکەشی بۆ خێرایی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا گەڕاندووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئێستادا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی کۆرۆناوە لە وڵاتەکەیاندا داوایان لەهاوڵاتیانیان کردووە، کە لەکاتی پێویستدا نەبێت گەشت نەکەن.