سەردێڕ:

عێراق لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەمساڵەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2021-01-06

36403 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی پارەی پێویست تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی ئەمساڵ ٢٠٢١.


وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی پارەی پێویست تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی ئەمساڵ ٢٠٢١.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ماڵپەڕی سەباحی فەرمی راگەیاند، بڕی ٦٤٨ ملیار دینار لە بودجەی ئەمساڵدا تەرخانکراوە بۆ بەشەخۆراکی ئەمساڵ و هەوڵدەدەن کێشەکانی ساڵی رابردوو دووبارە نەبنەوە.

محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاودێری وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ماڵپەڕی سەباحی راگەیاند، بڕی ٦٤٨ ملیار لە بودجەی ئەمساڵدا تەرخانکراوە بۆ کڕینی شەکر و رۆنی زەیت و برج و ئارد.

ئەوەشی خستەڕوو، گرفتی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لە ساڵی رابردوودا پەیوەندی بە نەگەیشتنی بڕی پارەی پێویست بوو بۆ کڕینی خۆراکەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ کڕینی شەکر و زەیت و برنجی ساڵی رابردوو پێویستیان بە کات بووە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست بۆ کڕینیان و ئەمساڵ ئەو کارە ئەنجامدەدرێت.

دەشڵێت، هیوادارن بە شێوەیەکی گونجاو بڕی پارەی پێویست بگاتە دەستیان و بە بەردەوامی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان دابەشبکەن و ئەو کێشانەی ساڵی رابردوو دووبارەنەبنەوە.

لە ماوەی رابردووشدا، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "حکومەتی عێراق ئەمساڵ لە کۆی ١٠ مانگ تەنیا دوو جار بە تەواوەتی بەشەخۆراکی مانگانەی دابەشکردووە و ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی نرخی ھەندێک کەلوپەلی خۆراک گران ببێت، بە تایبەتی رۆنی زەیت.

سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە لە عێراقدا بە گوێرەی بڕیاری ژمارە ٦٦١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەڵەتی لە ٦ی  ئابی ١٩٩٠ـەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٩٠% خێزانە عێراقییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان پێدەبەست و تا ئێستاش کاریگەری لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان هەیە.