سەردێڕ:

پۆلیسی واشنتۆن لەبارەی خۆپیشاندانەکانی سبەینێی وڵاتەکەوە هۆشداریی دەدات

فۆتۆ: 
2021-01-05

4380 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپدا، دەسەڵاتی دەستگیرکرنی هەرکەسێکیان هەیە کە سەرپێچی یاسا بکات یان هەوڵبدات کاری توندوتیژی ئەنجام بدات.


بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپدا، دەسەڵاتی دەستگیرکرنی هەرکەسێکیان هەیە کە سەرپێچی یاسا بکات یان هەوڵبدات کاری توندوتیژی ئەنجام بدات.

رۆبەرت کۆنتی بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکردووە، "زانیاریمان بەدەستگەیشتووە کە هەندێک لە خۆپیشاندەران بەنیازن چەک لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ خۆپیشاندانەکان"، دەشڵێت، "هێزەکانی پۆلیس دەسەڵاتی دەستگیرکردنی هەرکەسێکیان هەیە سەرپێچی یاسا بکات."

لایەنگران و دەنگدەرانی دۆناڵد ترەمپ، بەنیازن سبەینێ چوارشەممە، بڕژێنە سەر شەقامەکانی واشنتۆنی پایتەخت، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، داوای لە لایەنگران و دەنگدەرانی کرد لە سەرتاسەری وڵاتدا و لە ٦ی ئەم مانگەدا لە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا ئامادەبن، بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.

هاوکات، پۆلیسی شارەکە زیاتر لە ٣٠٠ پۆلیس و هێزەکانی خزمەتگوزاری نهێنی تایبەت بە کۆشکی سپی لەگەڵ هێزەکانی چالاکە مەدەنییەکانیان لە پایتەختی ئەو وڵاتە بڵاوەپێکردووە.

رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆکەیاتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بەڕێوەچوو، تیایدا هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و پاڵێوراوی کۆمارییەکان، هەروەها جۆبایدنی جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و پاڵێوراوی دیموکراتەکان کێبڕکێکاری سەرەکی هەلبژاردنەکەبوون؛ لە ئەنجامدا جۆبایدن بەبردنەوەی زۆرینەوی دەنگی هەڵبژاردنەکە، وەک ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا.