سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: بە وردی چاودێری بازاڕ دەکەین

فۆتۆ: 
2021-01-04

1857 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، لیژنەکانی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و ھەر هاوڵاتییەکیش بەرزیی نرخی بینی با پەیوەندییان پێوە بکات.


وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، لیژنەکانی بازرگانی و وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەکەن و ھەر هاوڵاتییەکیش بەرزیی نرخی بینی با پەیوەندییان پێوە بکات.

فەتحی محەمەد وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، "ماوەی دوو هەفتەیە بەھۆی دابەزینی بەهای دینارەوە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ناسەقامیگرییان بەخۆوە بینیوە و نرخی کەلوپەل و کاڵاکان گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە، لەبەر ئەوەشە، کە وەزارەتی بازرگانی لە رێگەی لیژنەکانییەوە بەردەوام بە دواداچوون بۆ نرخی بازاڕ دەکات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ھەموو شاروشارۆچکەکان لیژنەکانی چاودێری بە ھەماھەنگیی وەزارەتی ناوخۆ لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان بە دواداچوون بۆ نرخ دەکەن و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو چەندین شوێن سزادراون سەرەڕای ئەوەی هەفتەیەک پشوو بوو، بەڵام لیژنەکانمان بەردەوام بوون لە چاودێری و سزادانی سەرپێچیکاران".

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "ھەر هاوڵاتییەک لە ھەر شوێنێک بینی نرخ زیادکراوە و لەگەڵ بازاڕی ئەمڕۆدا ناگونجێت دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنەکانی چاودێریی بازرگانییەوە بکات یان سکاڵای خۆی بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار و ناوی شوێن و نرخی کەلوپەلەک بە لیژنەکان بگەیەنێت، تاوەکو ئەو شوێنە سزای یاسایی بدرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا دروستبووە بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبكاتەوە، بەجۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی بۆ هاوڵاتیان دیاریکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ناجێگری بازاڕ.

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەشێكە لەو رێوشوێنانەی حكومەتی عێراق بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢١ بیگرێتەبەر لە پێناو كەمكردنەوەی ئاستی كورتهێنانی بودجە.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە ئەمە گەورەترین کورتھێنانە کە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١دا ھەیە و ھۆکاری کورتھێنانەکەش کەمبوونەوەی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی عێراق، کە رێکخراوی ئۆپیک بڕیاری لەسەرداوە.