سەردێڕ:

راوێژکارێکی مەسعود بارزانی: شیعەکان پیاوی دەوڵەتداری نین

فۆتۆ: 
2021-01-03

7847 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی مەسعود بارزانی رایگەیاند، "لایەنە شیعەکان هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ خزمەتی عێراق نییە و پیاوی دەوڵەتداری نین"، دەشڵێت، "لایەنە شیعەکان زیاتر لە هەزار ملیار دۆلاری عێراقیان دزیوە، بەڵام دژایەتی کورد دەکەن."

مەسعود حەیدەر راوێژکاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، پشکی کورد لە بودجەی عێراقدا ٦٪ە نەک 12.67% لەکاتێکدا رێژەی کورد ۱٤٪ یە، دەشڵێت، پشکی کورد لە بودجەی ۲۰۲۱ دا لە هەشت ترلیۆن دینار زیاتر نابێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لایەنە شیعەکان زیاتر لە هەزار ملیار دۆلاری عێراقیان دزیوە، بەڵام دژایەتی کورد دەکەن"، دەشڵێت، "ئەگەر کورد لە بەغدا یەکگرتووبێت بەغدا ناتوانێت زوڵمان لێبکات و بودجە ببڕێت."

راوێژکارەکەی مەسعود بارزانی باسی لەوەشکردووە، "حکومەتی هەرێم پابەندی یاسای بودجەی ۲۰۲۱ دەبێت ئەگەر ململانێی سیاسی تێکەڵ نەکرێت"، دەشڵێت، "نابێت مافی کورد لە بەغدا بکرێتە قوربانی تموحی سیاسی هیچ سەرکردەیەکی کورد."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەوجوهێکی ئێرانی هەیە لە بەغدا دژایەتی کورد دەکەن بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە"، دەشڵێت، "لایەنە شیعەکان هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ خزمەتی عێراق نییە و پیاوی دەوڵەتداری نین."

مەسعود حەیدەر روونیشیکردەوە، "موچە لە ئەستۆی حکومەی عێراقییە، بەڵام لایەنەکانی بەغدا دەیانەوێت وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن"، دەشڵێت، "ئەو پەرلەمانتارانەی، کە دەیانەوێت موچەی هەرێم بچێت سەر حکومەتی عێراقی یاری بە شعوری خەڵک دەکەن."

راشیگەیاندووە، "نەوشیروان مستەفا خۆی لەگەڵ ئەوەدابوو، کە کورد ئابوری سەربەخۆی هەبێت"، دەشڵێت، "شێواز و سیاسەتی لاهور شێخ جەنگی لایداوە لە رێباز و سیاسەتی جەلال تاڵەبانی دژی یەکڕیزی کوردە و ئەو پەیج و سایتانەی سەر بە لاهور شێخ جەنگین کارکردنیان خزمەت بەکورد ناکات و سیاسەتێکی نادروست پەیڕەو دەکەن."