سەردێڕ:

مەسرور بارزانی ئیدانەی رووداوی دەستدرێژیکردنە سەر پاسە گەشتیاریەکەی هەولێر دەکات

فۆتۆ: 
2021-01-02

5800 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی رووداوی هێرشکردنە سەر پاسە گەشتیارییەکەی شەوی سەری ساڵی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "رووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە رەوشت و کلتوری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان، هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کلتورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."

دەقی روونکردنەوەکە:

بە داخێکی زۆرەوە لەم رۆژانەی دواییدا، چەند رووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان روویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان.

هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە، بۆیە رووداوەکانی ئەم دواییە، نامۆن بە رەوشت و کلتوری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان، هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کلتورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە شەوی ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٠دا و بۆ ئاهەنگگێڕانی سەری ساڵ، خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی چووبوونە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان و ژمارەیەکیش لە گەشتیار روویان لە هەرێم کردبوو، لەو شەوەشدا لە بەردەم فامیلی مۆڵی هەولێر، چەند کەسکێک هێرشیانکردە سەر پاسێک، کە گەشتیاری عەرەبی تیادا بوو و گرژی دروستبوو، کە دواتر ئەو هێزە ئەمنییەی لەو ناوچەیەدا بوون بڵاوەیان بەو کەسانە کرد، کە هێرشەکەیان ئەنجامدا.