سەردێڕ:

'لە هێرشێکی موشەکی ئیسرائیلدا سەربازێکی سوریا کوژرا'

فۆتۆ: 
2020-12-30

786 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، یەکەیەکی هێزەکانی سوپای سوریا بەر هێرشی موشەکی ئیسرائیل کەوتووە و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە و سیانی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی سانا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریاوە رایگەیاندووە، ئەو بنکە سەربازییەی کراوەتە ئامانج دەکەوێتە ناوچەی نەبی حەبیل لە نزیک دیمەشقی پایتەخت.

سەرچاوەکە وتووشیەتی، سوپای سوریا بەرپەرچی چەند موشەکێکی داوەتەوە.

هاوکات، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەی خستووەتەڕوو، هێرشە موشەکییەکە پێگەی حزبوڵای لوبنانیشی لە نزیک شارۆچکەی زەبەدانی نزیک سنوری لوبنان کردووەتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رەتیکردووەتەوە لەسەر بابەتەکە قسەبکات و وتووەیەتی، قسە لەسەر هەواڵی میدیای دەرەوە ناکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی بۆ سەر سوریا دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام چەندین جار رایگەیاندووە، کە ئامادەبوونی ئێران و پشتگیری لە دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد هەڕەشەیەکە و لە وەڵامدانەوەی بەردەوام دەبێت.