سەردێڕ:

یەکێتی و پارتی لەسەر رێککەوتن لەگەڵ بەغدادا ناکۆکن

فۆتۆ: 
2020-12-29

15899 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی نەبووەتەوە و بڕیارە دوای حەوت ساڵ؛ حکومەتی هەرێم پرۆژەیەك بەناوی بودجەی ٢٠٢١ بباتە پەرلەمانی كوردستان و لەو پرۆژەیەدا موچەی فەرمانبەرانی كوردستان كەمبكەنەوە و رێوشوێنی جیاواز بگرنەبەر بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان.


سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی نەبووەتەوە و بڕیارە دوای حەوت ساڵ؛ حکومەتی هەرێم پرۆژەیەك بەناوی بودجەی ٢٠٢١ بباتە پەرلەمانی كوردستان و لەو پرۆژەیەدا موچەی فەرمانبەرانی كوردستان كەمبكەنەوە و رێوشوێنی جیاواز بگرنەبەر بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان.

دوای گەڕانەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە بەغدا، روونکردنەوەیان دایە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش چوونە پەرلەمان، هاوکات بەنیازن بچنە لای حیزبەکانیش و لەگەڵیاندا کۆببنەوە.

ئەمڕۆش نوێنەری ھەرێمی کوردستان لەبەغدا بڵاویکردووەتەوە، بەمنزیکانە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بەپێی زانیاریەکان ئەم سەردانانە بۆ لێکتێگەیشتنی نوێیە لەنێوان سێ پارتی دەسەڵاتدار لەبارەی بڕیاری نوێیان سەبارەت بەرێککەوتنی هەولێر- بەغدا.

لەو بارەیەوە، سەرتیپ جەوهەر کادری پێشکەوتووی یەکێتی لەواڵی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، "بەپێی ئەو لێدوانانەی لەلایەن بەشێك لە لێپرسراوانی حكومەت و حزب دەدرێت، پێدەچێت ئامادەكاریی بكەن بۆ راگەیاندنی شكستی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا سەبارەت بەشی هەرێم لە بودجەی عێراقدا، میدیای خۆیان تەیار دەكەن بەجۆرێك بۆچوونی شەقامی كوردستان ئاراستە بكەن كە بەغدا لەگەڵ هەرێم رێكناكەوێت نەك پێچەوانەكەی، یان هەوڵدەدرێت ئەو پەیامە بگەیەنرێت كە هەرێم ئامادەی رادەستكردنی نەوتە، بەڵام بەغدا بیانوو دەگرێت."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەت بۆ ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی كوردستان، هەم بەڵگەیەكی روونە بۆ ئامادەكاریی بۆ راگەیاندنی شكستی گفتوگۆكان و هەم بەشێكە لە پلانی نوێی بڕیار بەدەستان و حكومڕانان، یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە لەماوەی داهاتوو، پرۆژەیەك بەناوی بودجەی ٢٠٢١ ببەنە پەرلەمانی كوردستان و لەو پرۆژەیەدا موچەی فەرمانبەرانی كوردستان كەمبكەنەوە و زنجیرەیەك رێوشوێنی جیاواز بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان."

سەبارەت بەچۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ "شكستی گفتوگۆكان و چارەنووسی حكومڕانی هەرێم" جیاوازیی بۆچوون و تێگەیشتن لەناو یەكێتیی و پارتیدا هەیە، سەبارەت بە ناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان؛ بۆچوونێك هەیە بۆ پاشەكشە لەم حكومەتە، یان دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی دیكە، هاوکات، گروپێكی ناو پارتی پێیانوایە ئەوەی ئێستا پێی گەیشتوون ئەوان لێی بەرپرس نین و دەرەئەنجامی خراپی حكومڕانی گروپێكی دیاریكراون لەناو پارتیدا.

جەوهەر نوسیویەتی، "دەیانەوێ‌ شكستی ئەم حكومڕانیە بخەنە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی كە ماوەیەكی درێژ سەرۆكوەزیران بووە و هەموو گرێبەستەكانی نەوت ئەو كردوونی و لێی بەرپرسە."

لای خۆشییەوە، یادگار عه‌لی مامۆستای زانکۆ لە نوسینێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "پارتی نیەتی راستەقینەی بۆ رادەستکردنی مەلەفی نەوت و داھاتی ناوخۆ نییە، بەشێکی لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتی حەقیقی رادەستکردن و رادەستنەکردن لەدەرەوەی ئیرادەی ھەرێمی کوردستانە، بەشەکەی تریشی بێباکییە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکان و خراپی گوزەرانی خەڵکی کوردستان."

لە نوسینەکەیدا ئەوەش ھاتووە، "یەکێتی لەرواڵەتدا ھەوڵەکان و لێدوانی ھاوسەرۆکی یەکەم و زۆرینەی سەرکردایەتیەکەی بەجۆرێک بووە بەدیلی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ھەر رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا لەحاڵەتی پێچەوانەدا باسیان لەرێگەی دیکە کردووە، کە رەنگبێت تا کشانەوە لەپرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان بڕوات."

یادگار عه‌لی دەشڵێت، "روون نییە ئایا یەکێتی بەردەوام لەسەر ئەو بازنە داخراوە دەمێنێتەوە، کە تائێستا بەپاساوی جیاجیا ماوەتەوە و لەپاڵیشیدا رەخنە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بێباکی پارتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەپرسی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەردەبڕێت یاخود ھەڵوێستی تری دەبێت و  ھەڕەشە و ھۆشدارییە توند و بەردەوامەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی و بەشێک لەسەرکردایەتیەکەی دەکات بە کردار و رێگەیەکی دیکە تاقیدەکاتەوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە شاندی هەرێم لە بەغدا گەڕاونەتەوە و دوێنێ دووشەممە، چوونە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی یاسایی و دارایی و سامانە سرووشتیەکان کۆبوونەوە و هەریەک لە فراكسیۆنه‌كانی یه‌كگرتووی و كۆمه‌ڵ بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد، دواتریش سەرۆکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاندبوو، "حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی چ لە بواری نەوت و چ لە بواری داهاتی غەیرە نەوتییدا بێت."