سەردێڕ:

پەرلەمانی کوردستان لەساڵێکدا تەنها ٥ یاسایان دەرکردووە

٤،٥ ملیار دینار بودجەکەیەتی
فۆتۆ: 
2020-12-29

3196 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، تەنها ١١ دانیشتنی ئەنجامداوە، كە تێیدا نۆ بڕیارو پێنج یاسای دەركردووە، لە ئێستاشدا دانیشتنەكانی پەرلەمان دواخراوەو لە مانگی داهاتوش پشوی زستانەی پەرلەمان دەست پێدەكات بۆ ماوەی دوو مانگ .


پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، تەنها ١١ دانیشتنی ئەنجامداوە، كە تێیدا نۆ بڕیارو پێنج یاسای دەركردووە، لە ئێستاشدا دانیشتنەكانی پەرلەمان دواخراوەو لە مانگی داهاتوش پشوی زستانەی پەرلەمان دەست پێدەكات بۆ ماوەی دوو مانگ .

بە پێی بە دواداچونێكی ئێن ئاڕ تی، پەرلەمانی كوردستان لە مساڵدا لەسەرجەم دانیشتەكانیدا تەنها نۆ بڕیاری دەرکردووە، سەرجەمیان تایبەت بوون بەپەرلەمان و گۆڕانکاری لە لیژنەکانی.

بڕیارەکان

- بڕیاری بۆنە فەرمیـیەكانی پێكهاتەی توركمان.

- بریاری قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی هەردوو پەرلەمانتار ئاشنا عبدالله قادر لە لیژنەی داكۆكیكردنی مافی ئافرەتان

- بڕیاری شیرین یونس عبدالله لە لیژنەی پەیوەندیەكان و رۆشنبیری.

- بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر سەعید.

- بڕیاری چۆنیەتی پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و بریار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە

- بریاری كۆتاییهێنان بە خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

- بڕیاری قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەرلە ئەندامیەتی پەرلەمانی كوردستان

- بریارێك سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی بۆ بەدواداچوون لەسەر وتەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

- بریاری دانانی عومەر عبداللە فەتاح وەك ئەندام بۆ سەر لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمان

یاساکان

پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا تەنها پێنج یاسای دەركردووە كە بریتین لە:

- یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵیەكان

- یاسای چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی

- یاسای رێگریكردن لە بەقاچاخبردنی نەوت و گاز و لێدەرهێنراوەكانیان

- یاسای ماف و ئەركەكانی نەخۆش

- یاسای لە ئەستۆكردن لە هەرێمی كوردستان

بودجەی پەرلەمان

 پەرلەمانی كوردستان لە ١١١ ئەندام پێكدێت و موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك بریتیە لە هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی دۆخی دارایی هەرێم مانگانە هەریەكەیان بڕی چوار ملیۆن و ٢٠٠ دینار وەردەگرن، جگە لەوەی هەریەكەیان ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا لاندكرۆزەرییان بۆ كڕدراوە و لە كۆتایی خولی پەرلەمانتاریش هەریەكەیان ئیكرامێەك بە بڕی ٤٩ ملیۆن دینار پێكەوە وەردەگرن.

لە ئێستادا ٥٤ راوێژكاری لەسەرجەم لیژنە هەمیشەیی و كاتیەكان هەیە، كە حیزبەكان لە نێوان خۆیان دابەشیانكردووە و بەتێكڕایش موچەی ڕاوێژكارەكان نزیكەی شەش ملیۆن دیناری مانگانەیە، جگە لە پێدانی ئۆتۆمبێل و دامەزراندنی كەسێك وەك شۆفێر بۆیان، بەڵام لە ئێستادا نیوەی موچەكانیان وەردەگرن، بەهۆی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستانەوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەم خولەی پەرلەماندا كە خولی پێنجەمە لە ١٦ فراكسیۆن پێكدێن و هەروەها پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا ١٩ لیژنەی هەمیشەی هەیە.

سەرچنار ئەحمەد لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "هیچ زانیاری و داتایەکمان نییە لەبارەی بودجەی ساڵانەی تەرخانکراو بۆ پەرلەمانی كوردستان".

سەرچنار ئەحمەد ئەوەشیخستەڕوو"لەسەرەتای دەستبەکاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەنوسراوی فەرمی داوای روونکردنەوەمان کردووە لەبارەی بودجەی ساڵانەی پەلەمانەوە لەسەرۆکایەتی بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراوینەتەوە".

ئـ.م