سەردێڕ:

​سی پی جەی لەبارەی ئێن ئاڕ تیەوە پەیامێک بۆ مەسرور بارزانی دەنێرێت

فۆتۆ: 
2020-12-23

6276 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسانی جیهان (سی پی جەی) لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیامێکی بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە و تێیدا، داوای لە حکومەتەکەی کردووە کە پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت لەبارەی ئازادی رۆژانەمەنوسیوە داویەتی و رێز لە ئازادی کاری رۆژنامەنووسی بگرێت.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسانی جیهان (سی پی جەی) لەبارەی داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تیەوە لە ئیمەیڵێکدا بە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە، "داوات لێ دەکەین بەپەلە کاربکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییانەی کە بەرامبەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی کراوە و دەستبەجێش هەموو دەستگیرکراوان ئازادبکەن".

هەر لە پەیامەکەیدا، سی پی جەی بە مەسرور بارزانی راگەیاندووە، کە ئیدانەی پێشلکارییەکانی ئەم دواییەی دەزگا و میدیا کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان بکات و رۆژنامەنوسان لەوە دڵنیابکاتەوە کە کارەکانیان بە ئازادی و سەلامەتی بکەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەشیدا، سی پی جەی ئاماژەی بەوەکردووە، کۆتاییهێنان بە پێشێلکارییەکانی سەر ئێن ئاڕ تی، ئازادکردنی تەواوی دەستگیرکراوان و رێگەدان بە تەواوی میدیا ناوخۆییەکان و رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی کارەکانیان بە ئازادی و سەلامەتی بکەن بەبێ بوونی هیچ مەترسییەک، دەبێتە ئاماژەیەکی بەهێزی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازادی رۆژنامەنووسییەوە.

هەروەها، سی پی جەی باسی لەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لەسەردانێکیاندا بۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی پێداون کە ژینگەیەک لە هەرێمی کوردستان بۆ کاری رۆژنامەنووسی دەخوڵقێندرێت تا بتوانن بە ئازادی کاری خۆیان بکەن.

هەر ئەمڕۆش، مايک پۆمپيۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر رايگەياند، کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی میدیای ئازاد لە عێراق و هەماهەنگییەکانیان لەژێر رۆشنایی رێککەوتننامەی ستراتیژی ئەمریکا-عێراقدا.

لە پاش چەند کاتژمێرێک لە تویتەکەی وەزیری دەرەوە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پستیوانی خۆی بۆ پۆمپیۆ لەبارەی پشتیوانیکردنی ئازادی میدیا دوپاتکردەوە.

لە ماوەی رابردوودا، بە تۆمەتی جیاجیا، ئۆفیسی سەرەکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی و نوسینگەکانی لە هەریەک لە هەولێر و دهۆک بە زەبری هێز داخران.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان هەزاران پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەلایەن سەندیکا و سەنتەرەکانی بەرگری لە رۆژنامەنووسانەوە تۆماردەکرێن، کە بەشێکی زۆریان هۆکارەکەی بۆ جێبەجێنەکردنی یاسای کاری رۆژنامەنوسی دەگەڕێننەوە، لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هیزە ئەمنییەکانەوە.