سەردێڕ:

داوایەکی مەسرور بارزانی لە مایک پۆمپیۆ ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-12-23

42309 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕێکى ئەمریکى بڵاویکردەوە، سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە فەرمى داواى لە ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانان کردووە بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەى پەکەکە بۆ رۆژئاواى کوردستان سوپاى هاوپەیمانان لە سنورى فیشخابوور جێگیربکرێت.

ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى لە راپۆرتێکدا باسى لەوەکردووە، رۆژى ٢٢ى ئەم مانگە، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە تەلەفۆن ئەو داوایەى لە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کردووە، بەڵام بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوە وەڵامى پۆمپیۆیان بۆ داواکەى مەسرور بارزانى بۆ ماڵپەڕەکە ئاشکرا نەکردووە.

هاوکات، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا باسى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەى لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە کە تێیدا، لە یەکێک لە تەوەرەکاندا سەرۆکى حکومەت و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە، لەبارەى ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و سوریا و رێککەوتنى شنگال.

ئەم داواکارییەى سەرۆکى حکومەت پاش ئەوە دێت، کە هەفتەى رابردوو وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند، هێزێکى سەر بە یەپەگە ویستویانە سنورى هەرێمى کوردستان ببەزێنن بەڵام هێزەکانى پێشمەرگە روبەڕویان بوونەتەوە و رێگرییان لێکردوون، بەڵام دواتر یەپەگە رەتیکردەوە کە هێزەکانیان ئۆپراسیۆنێکى لەو جۆرەیان کردبێت.