سەردێڕ:

چەند چارەسەرێک بۆ کێشەکانی عێراق دەخرێتەڕوو

فۆتۆ: 
2020-12-22

4748 جار خوێندراوەتەوە

بۆ دەربازبوونی عێراق لەو کێشە سیاسی و ئابورییانەی تێیکەوتووە، پسپۆڕان بژاردەکانی سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی حکومەت و رێگریکردن لە سیاسیە بازرگانەکان و دادگاییکردنی گەندەڵکاران وەک چارەسەر دەخەنە بەردەم سەرۆکوەزیران.


بۆ دەربازبوونی عێراق لەو کێشە سیاسی و ئابورییانەی تێیکەوتووە، پسپۆڕان بژاردەکانی سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی حکومەت و رێگریکردن لە سیاسیە بازرگانەکان و دادگاییکردنی گەندەڵکاران وەک چارەسەر دەخەنە بەردەم سەرۆکوەزیران.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریدا، لە قۆناغی داڕمانی سیاسی و ئابوری ئەگەر رێوشوێنی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بە گشتی و ئەو بەشەی پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە بەتایبەتی نەگیرێتەبەر.

لەوبارەوە، قەیس نوری مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا رایگەیاند، دۆخی عێراق لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی جێگەی نیگەرانییە، ئەمەش تازەنییە هەر بۆیە هۆشداریەکەی کازمیش نوێ نییە.

راشیگەیاندووە، نوێترین دۆخ دابەرزینی بەهای دیناری عێراقیە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، کە ئەمەش تەنها خەڵکی هەژار و گەلی عێراقی لێی زەرەرمەند دەبن، دەشڵێت، ئەگەر کازمی باس لە چارەسەردەکات، ئەوا دەبێت هەنگاوی کرداری بنێت و جەنگ لە دژی گەندەڵی بکات و ئەوانەی کەمتەرخەمیانکردووە بداتە دادگا.

قەیس نوری ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستگرتن بەسەر دەروازە سنوریەکان و داخستنی بەڕووی گەندەڵکاراندا هەنگاوێکی گرنگە، دەشڵێت، یەکێک لەگەندەڵییەکان رۆژانە فرۆشتنی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە بەو بەکۆمەڵێک بانکی دیاریکراو کە سیاسییە گەندەڵکارەکان خاوەندارێتی دەکەن.

دوێنێ، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق داوای كۆبوونه‌وه‌ی 'به‌په‌له‌'ی په‌رله‌مان کردبوو به ‌ئاماده‌بوونی بەرپرسانی حكومه‌تی عێراق، بەهۆی ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی‌ كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی دروستیكردووه‌.

لەلایەن خۆشیەوە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی پسپۆڕی ئابوری رایگەیاند، کەسایەتیە سیاسییە گەورەکان و فراکسیۆن و پارتەکانی ناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن پارێزەری گەندەڵی و گەندەڵکارانن، دەشڵێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە هۆشدارییەکانی کازمی بڕیاردانی لێبکەوێتەوە و کەسانی هێڵی پێشەوەی گەندەڵی بدرێنە دادگا نەک کەسانی هێڵی دووەم و سێیەمی.

هاوکات، ئەیاد عەناز شیکەرەوەی سیاسی عێراقی دەڵێت، حکومەتەکەی کازمی باش ئاگاداری دۆخی ئابوری وڵاتە و دەشزانێت سەختە دەست بگرێت بەسەر سەرچاوەکانی داهاتدا، دەشڵێت، نەبوونی پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری و نەبوونی سەرمایەیەک بۆ پشتیوانی کردن و گەشەپێدانی ئابوری هۆکارن بۆ قورستر کردنی دۆخی ئابوری و گوزەرانی خەڵک.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی پەسەندکرد، هاوکات، بەهۆی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا دروستبووە بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبكاتەوە، بەجۆرێك نرخی ١٠٠ دۆلاری بەرامبەر ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی بۆ هاوڵاتیان دیاریکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ناجێگری بازاڕ.

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەشێكە لەو رێوشوێنانەی حكومەتی عێراق بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢١ بیگرێتەبەر لە پێناو كەمكردنەوەی ئاستی كورتهێنانی بودجە.