سەردێڕ:

ئەمریکا بۆ تورکیا: سیستمی بەرگری روسیا بۆسەر ئاسایشی تەکنەلۆژیای سەربازیمان هەڕەشەیە

فۆتۆ: 
2020-12-18

3639 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا پرسی سەپاندنی سزاکانی سەر ئەنقەرە بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری روسیایان تاوتوێ کرد و واشنتن جەخت دەکاتەوە، کە ئەو سیستەمە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی تەکنەلۆژیای سەربازی وڵاتەکەی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سیستەمی ئێس-400 و سەپاندنی سزاکان بەسەر ئەنقەرە لەلایەن ئەمریکاوە گفتوگۆیانکردوە.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مایک پۆمپیۆ باسی لەوەکردوە، سیستەمی ئێس-400 کە لەئێستادا تورکیا دەیەوێت وەک سیستمێکی بەرگری ئاسمانی لەهەموو خاکی وڵاتەکەیدا جێگیری بکات هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی تەکنەلۆژیای سەربازی ئەمریکا، چونکە رێگە بە روسیا دەدات بگاتە هێزەکانی تورکیا و پیشەسازی بەرگری ئەو وڵاتە.

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامانج لە سزاکانی سەر تورکیا کەمکردنەوەی رۆڵ و هەژموونخوازی روسیایە، نەک لێدان لەتوانا سەربازییەکانی تورکیا."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی ١٤ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر دامەزراوەی پیشەسازی بەرگری تورکیا و ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی دامەزراوەکەدا سەپاند.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، "ئەو ھەنگاوەی ئەمریکا ھەڵەیە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوانمان دەگەیەنێت، داوادەکەین ئەمەریکا لەو ھەنگاوەی پەشیمان بێتەوە."