سەردێڕ:

پلانی (B) حکومەتی هەرێمی کوردستان چیە؟

فۆتۆ: 
2020-12-15

96572 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرەكانی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا رۆژ دوای رۆژ كەمتر دەبێتەوە، پێدەچێت بەغدا بەهیچ شێوەیەك نەیەوێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆیە مەرجی (بێچارەسەر) دادەنێت و سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانیش دوو سبەی دەچنە تورکیا.


ئەگەرەكانی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا رۆژ دوای رۆژ كەمتر دەبێتەوە، پێدەچێت بەغدا بەهیچ شێوەیەك نەیەوێت پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆیە مەرجی (بێچارەسەر) دادەنێت و سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکانیش دوو سبەی دەچنە تورکیا.

شاندی هەرێم

٢١ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوایانکرد، ئەمجارە شاندێکی بڕیاربەدەست سەردانی بەغدا بکات، بۆیە چاوەڕێ دەکرا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت سەرۆکایەتی ئەم شاندەی هەرێم بکات بۆ بەغدا، بەڵام جارێکی دیکە ئەرکەکەی بەجێگرەکەی سپارد.

شاندی ئەمجارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٩ی ئەم مانگە بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا و دەیان دیداری جیاوازیان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا لەبەغدا ئاسۆی هیچ رێککەوتنێک روون نیە، لەدوا کۆنگرەیدا کە ئین ئاڕ تی ئامادەبوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەغداوە رایگەیاند، "دانوستانەکان بەردەوامە و شکستی نەهێناوە و لەبەغدا دەمێنینەوە تا دەگەین بە رێککەوتن"، ئەوەشیخستەڕوو چاوەڕوانى بەغدان وەڵامیان بداتەوە لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجە بەرامبەر رادەستکردنى داهات و نەوت".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی، پابەندبوونی حکومەتی نیشاندا و رایگەیاند، "پابەندبونمان بە یاساى قەرز نیشانداوە، بۆ ڕادەستکردنى نەوت و داهات."   

بەبڕوای ئەندامێکی شاندەکە، کێشەی سەرەکی ئەوەیە، پارتە شیعیە باڵادەستەکان کە لەخۆئامادەکردندان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پرسەکە وەک بابەتێکی میدیایی تەماشا دەکەن و گوشارێکی زۆر کەوتۆتە سەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران (کە لە دوو دانیشتندا هەوڵی دا بۆچوونی هەردوو لایەن، نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەیەکتر نزیک بکاتەوە).

بەڵام فراکسیۆنە شیعیەکان سورن لەسەر مەرجەکانیان و سامر زیبان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت،"هەر کەسێک لەدەرەوەی پەرلەمان رێککەوتن بکات، ئەوا بانگهێشتی پەرلەمانی دەکەن"، کەمەبەست لێی مستەفا کازمییە کەهیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی نییە.

 

پارتی و شاندی بڕیاربەدەست

سەرەتای ئەم هەفتە، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی بەمیدیاکانی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دەچێتە بەغدا، بەڵام نێچیرڤان بارزانیش نەڕۆیشت بۆ بەغدا.

سەرتیپ جەوهەر کادیری پێشکەوتووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی" پارتی نەكەسێكی بڕیاربەدەستی ناردووەو نە لەبەغدا هاوكاری وەفدەكە دەكات، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە (لەسەر پشکی پارتییە) لەسەفەرەو گرنگی بەهاتنی وەفدی هەرێم نادات".

 بریارە دووسبەی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەسەردان بچێتە توركیا، لەگەڵ خۆیشی ژمارەیەك لێپرسراوی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت و ئابوریی دەبات كە پەیوەندیدارن بەگفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەو سەفەرەیدا كازمیی ژمارەیەك دۆسیەو پرس گفتوگۆ دەكات دیارترینیان پرسی ئابوریی و نەوت دەبێت لەنێوان توركیا و عیراق.

هەروەك بەدڵنیاییەوە یەكێك لەدۆسیەكانی نێوانیان نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

سەردانی كازمی لەئێستادا بۆ توركیا بەجێهێشتنی وەفدی هەرێمە لەبەغدا، ئەمەش وادەكات ئەو تێگەیشتنە دروست ببێت كە كازمیی گرنگی بەرێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نادات و بەشێك لەو لێپرسراوانە لەگەڵ خۆی دەبات كە پێویست بوو بەردەوام بن لەگفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا.

پلانی B

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنۆی ئەم مانگەدا لەوەڵامی ئێن ئاڕتی دا رایگەیاند"حکومەتی هەرێم ئەوەندەی پێدەکرێت، ئێمە لەداهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دێتە دەستمان، ئەگەر بەپێی مووچەی بەردەست پارە بدەین، دەبێت هەموو لایەک تەفەهومی بکات و کێشەکە جیهان و ناوچەکەشی گرتۆتەوە".

سەرۆکی حکومەت ئەوەی خستەڕوو بەدیلی رێککنەکەوتن لەگەڵ بەغدا ئەوەیە "رێژەی لێبڕینی مووچە بەشێوەیەکی زیاتر بەرزببێتەوە ، بەجۆرێک ئەگەر مانگانە بیدەن ئەوا ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نابێت".

حکومەتی هەرێم ئێستا نزیکەی دوو مانگ جارێک مووچە دەدات بەبەشێک لەو داهاتەی مانگانە لەبەغداوە دێت، ئەگەر بەبێ پشت بەستن بێت بە بەغدا ئەوا پێدەچیت رێژەکە بگاتە سەرووی ٥٠٪.

حکومەتی هەرێم ناتوانێت هاوشێوەی بەغدا قەرز بکات، چونکە گرەنتی پێویستی بۆ وڵاتانی قەرزدەر نیە.