سەردێڕ:

'چەند سیناریۆیەک بۆ بودجەی ئەمساڵی ھەرێمی کوردستان'

سێ سیناریۆ دەخرێتەڕوو
فۆتۆ: 
2020-12-14

49003 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا لەژێر ناونیشانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و چەند سیناریۆیەک باس لەوەدەکات، ئەگەر بەغدا بەشەبودجەی ھەرێم نەنێرێت ئەوا دەبێت ھەرێم چیبکات.


ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا لەژێر ناونیشانی یاسای بودجەی فیدڕاڵ و چەند سیناریۆیەک باس لەوەدەکات، ئەگەر بەغدا بەشەبودجەی ھەرێم نەنێرێت ئەوا دەبێت ھەرێم چیبکات.

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە نوسینێکدا دەڵێت، "رەنگە بودجەی ساڵی ۲٠۲۱ ئەو پرۆژە یاسایەبێت کە عێراق دەگۆڕێت بەھەردوو بارەکەیدا، چ وڵاتێکی دامەزراوەیی یاخود دروستبوونی پشێوی و ئاژاوە و دواجار ھەرەسھێنانی ئەو سیستەمە سیاسیەی ئێستا، لەمێژووی تازەی دوای ۲٠٠۳ و نوسینەوەی دەستورەوە ئەوە جاری دووەمە کە عێراق پرۆژە یاسای بوجەی نابێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەکەم جار لەساڵی ۲٠۱٤ بودجە پەسەندنەکرا بەھۆی ناڕەزایەتی پێکھاتەی کوردیەوە، کە جگە لەوەی بڕێکی زۆر نەوت سەپێندرابوو بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بەبێ دانوستان، کە بڕەکەی ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە بوو لەبەرانبەردا شایستەکان بە دادپەروەرانە دانەنرابوو، ھەرچەندە ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم، پێنج وەزیرە کوردەکەی کابینەکەی نوری مالکی سیانیان واژۆی ئەو بڕەیان کردبوو کە دوان لەو وەزیرانە ئەندامی مەکتەب سیاسی لایەنێکی سیاسین کە ھەمیشە خۆی بەخاوەنی ھەرێمی کوردستان و نەوەتەکەشی دەزانێت."

باسی لەوەشکردووە، "جاری دووەم ساڵی ۲٠۲٠ لەسەردەمی حکومەتەکەی عادل عبدالمھدیدا بوو، حکومەتەکەی عادل عبدالمھدی لەماوەی دوو ساڵی حوکمڕانیدا نەیتوانی یاسای بوجەی ۲٠۱۹ ئامادە بکات و ئەو پرۆژە یاسایەی حکومەتەکەی حەیدەر عبادی ئامادەی کردبوو بەردەوام بوون لەسەری و پرۆژەیاسای ۲٠۲٠یش لەکۆتا جاردا نەنارد بۆ پەرلەمان و ساڵی ۲٠۲٠ بەبێ یاسای بوجە بەڕێکرا .

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پرۆژەیاسای بوجەی ۲٠۲۱ تائێستا نزیکەی (٦٠) رۆژ دواکەوتوە لەوادەی خۆی و بەدووریشی دەزانم پێش سەری ساڵ ۲٠۲۱ تێپەڕێنرێت، کەواتە حکومەت ناچارە دیسان پەنا ببات بۆ بەکارھێنانی بوجەی دوازدەیی (الموازنە الاپنی عشریە )"، دەشڵێت، "ئەم پرۆژەیە تائێستا نەتوانراوە ئاستی باڵای خەرجیەکان دیاری بکەن بۆیە زیاتر لە (۱٠٠) ترلیۆن دینار کورتھێنانی تێدەکەوێت و بڕی تەرخانکراو بۆ موچەی فەرمانبەران (٥٤) ترلیۆنە واتە (۱۱) ترلیۆن دینار  زیاتر تەرخان کراوە بۆ موچەی فەرمانبەران لە ساڵی ۲٠۱۹."

ئەحمەدی حاجی رەشید دەشڵێت، "ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ژمارەی فەرمانبەران لە بوجەی ۲٠۲٠ زیاتر دەبێت لە ژمارەی فەرمانبەران لە یاسای بوجەی ۲٠۱۹ بەزیاتر لە ٤٥٠ ھەزار فەرمانبەر."

هاوکات، ئەو کورت ھینانەش کە دروست دەبێت بەم شێوەی لای خوارەوە پڕدەکرێتەوە:

یەکەم: وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و ھەوڵدەدەن قەرزی بۆ بکەن کە پێدەچێت بڕی زیاتر لە (۳٠) ترلیۆن دینار قەرز رێگە پێبدەن لەناو پرۆژەکەدا.

دووەم: موچەی فەرمانبەرانی وڵات کەم بکەنەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو بە تایبەت لە دەرەماڵەکاندا کە سێ یەکی ھەرموچەیەک  موچەی بنەڕەتیەو دوو سێ یەکی موچەکان دەرەماڵەن، دواجار سیستەمی موچە لەیاسای (۲۲) و ساڵی ۲٠٠۸ دا گۆڕانکاری بەردا دێت .

سێیەم: تەمویل بە تەزە خوم واتە گرانکردنی نرخی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندیەوە ،کە بەپێی بەداوادا چونەکان وەزارەتی دارایی لە گەڵ  بانکی دەولی و سندوقی نەختێنەیی کۆبوەتەوە (۳) پێشنیار ھەیە:

بانکی دەولی  ۱٠٠$  = ۱۳٠٠٠٠ دیناری عێراق

وەزارەتی دارایی ۱٠٠$  = ۱٤٥٠٠٠ دیناری عێراق

سندوقی دراو  ۱٠٠$  = ۱٦٠٠٠٠ دیناری عێراق

دواجار عێراق دەیەوێت بە پلە بەندی نرخەکە بگەیەنێتە ۱٤٥٠٠٠ دیناری عێراق لەبری ھەر ۱٠٠$ دۆلارێک.

کەئەوەش گرانیەکی گەورەی لێدەکەوێتەوە لە ئێستادا نرخی دۆلار ئەو بەربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە سەرچاوەکەی ئەو دەنگۆیانەن.

خۆ ئەگەر وەزارەتی دارایی بەنیازی جێبەجێکردنی خاڵی (۲،۳) بێت دەتوانێت کورت ھێنان کەم بکاتەوە بۆ نزیکەی (۳٠_٤٠) ترلیۆن دینار عێراقی.

بەڵام تائێستا روون نییە کەی وەزارەتی دارایی ئەم ھەنگاوانە دەنێت.