سەردێڕ:

واشنتن پۆست: خراپی ئیدارەدانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان خەڵکی هێناوەتە سەر شەقام

فۆتۆ: 
2020-12-12

8828 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان فشارێکی زۆر دەخەنە سەر خۆپیشاندەران، کە دواکەوتنی موچە و خراپی دۆخی گوزەران و خراپی ئیدارەدانی هەرێمەکە لە ٣٠ ساڵی رابردوودا، خەڵکی هێناوەتە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزایی کوچە کۆڵانەکانی تەنیوە.

ساڵی رابردوو، دەنگی ناڕەزایی بەغدا بەهۆی نادادی سیستمی ئابوری و سیاسی کاریگەری خراپی کردبووە سەر ژیانی خەڵکی چینی مامناوەند، ئێستا هەمان ئەو شەپۆلەی چینی مامناوەند لە کوردستان سەری هەڵداوە و خەڵکی لەدەست خراپی دۆخی گوزەران هاتوونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن.

لەکاتێکدا خۆپیشاندەران، رەخنە لە دروستبوونی مەودایەکی زۆر لە نێوان هاوڵاتی و سیاسییەکاندا دەگرن، لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی کورد خۆپیشاندەران بە گێرشێوێن و تێکدەر ناودەبەن و بەهەبوونی دەستی دەرەکی لەناویاندا تۆمەتباریان دەکەن و هێڵەکانی ئینتەرنێتییان بڕیوە و ئەو رۆژنامەنوسانەش کە هەستاون بە سازکردنی گردبوونەوەکان، دەستگیریان دەکەن.

بۆ نموونە، رۆژی هەینی لەشاری سلێمانی هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، دژی سەدان خۆپیشاندەر کە داوای پێدانی موچە و شایستەداراییەکانیان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی، کە موچەکانیان بەهۆی ناکۆکی سیاسی و دژیەکی لەکارکردندا لە نێوان دەسەڵاتدارانی بەغدا و کوردەکاندا سەریهەڵدا و دەیان قەیرانی سیاسی و ئابوری بەدوای خۆیدا هێنا.

هەرێمی کوردستان لەلایەن دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە فەرمانرەوایەتی دەکرێت، ئەوانیش پارتی و یەکێتین، ئەو دوو حزبەش لەسەر گەندەڵی رێکخراوی چەندین ساڵەی رابردوو، خراپ ئیدارەدانی هەرێمەکە، جیاکاری لەسەر بنەمای سیاسی، لۆمە دەکرێن و پەنجەی تۆمەتیان بۆ درێژدەکرێت و لە خۆپیشاندانەکانی ئەم هەفتەیەشدا، بارەگا حزبییەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداریان سوتاند.

بەگوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتوەکان، رێژەی هەژاری لەساڵی ٢٠١٨ەوە دوو هێندە بووە و زیاتر لە یەک لەسەر سێی خێزانەکان مانگانە کەمتر لە ٤٠٠ دۆلار وەردەرگرن و ڤایرۆسی کۆرۆناش، زیاتر تەنگی بە هاولاتیانی هەرێمەکە هەڵچنی و رێژەی بێکاری و هەژاری زیاتر بەرزکردەوە. 

لە ئێستاشدا، بەگوێرەی ئاماری لیژنەی باڵای مافی مرۆڤی عیراق، نزیکەی ١٠ کەس لە ئەنجامی گرژیی خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی و زۆرێک لە قوربانییەکانیش گەنجانی تەمەن ١٣ ساڵانن.

رۆژی پینجشەممەی رابردووش، نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندبوو، دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ئەو قوربانیانە دەستپێبکات.

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکییەوە وەرگیراوە