سەردێڕ:

روسیا دەستی بە دابەشکردنی فراوانی ڤاکسینی کۆرۆنا کرد

فۆتۆ: 
2020-12-05

914 جار خوێندراوەتەوە

لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا دابەشکردنی فراوانی ڤاکسینی سپۆتنیک-٥ لە رێگای ٧٠ کلینیکی پزیشکییەوە دەستیێکرد و بەپێی پلەبەندی دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات بەو فراوانییە ڤاکسین دابەش بکات.

تیمی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە روسیا رایگەیاند، یەکەمجار ڤاکیسینەکە بۆ پزیشکان، کارمەندانی تەندروستی، مامۆستایان، هاوکات، کارمەندانی دیکەشی گشتی دابیندەکرێت چونکە ئەو چینانەی کۆمەڵگە رووبەرووی زۆرترین مەترسی دەبنەوە بۆ توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

وەرگرتنی ڤاکسینەکە بەبێ بەرامبەرە و هەر کەسێک دوو ژەم وەردەگرێت، کە نێوانیان دەبێت ٢١ رۆژ بێت، بەڵام لەو کەسانە قەدەغە دەکرێت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، جگە لەوەی نابێت ژنانی دووگیانیش وەریبگرن.

سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ رایگەیاند، لە پێنج کاتژمێری سەرەتادا پێنج هەزار کەس ناوی خۆیان تۆماکردووە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، کە پێکدێن لە پزیشکان و مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی گشتی.

مانگی رابردوو، حکومەتی روسیا رایگەیاندبوو، ڤاکسینی سپۆتنیک ٩٢٪کاریگەرە و لە قۆناغی کۆتایی بەرهەمهێناندایە.

تا ئێستا دوو ملیۆن و ٤٣ هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون لە روسیا و زیاتر لە ٤٢ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.