سەردێڕ:

​سبەی روسیا دەست بە دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکات

فۆتۆ: 
2020-12-04

2088 جار خوێندراوەتەوە

شارەوانی مۆسکۆی پایتەختی روسیا خزمەتگوزاری ناوتۆمارکردنی لە ئینتەرنێت بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای نوێ راگەیاند. ئاماژەی بەوەشکرد، کە سبەینێ شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

گرتنەبەری ئەم رێوشوێنە پاش دوو رۆژ لە بانگەوازەکەی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا دێت بۆ دابەشکردنی ڤاکسینە روسیەکە "سپۆتنيك ڤی" بەشێوەیەکی بەرفراوان بەسەر هاوڵاتیاندا.

ڤاکسینە روسیەکە ئەگەرچی تاقیکردنەوەی کلینیکیان تەواونەکردووە، بەڵام لەلایەن دەزگا نیشتیمانییەکانی ئەو وڵاتەوە پەسەند کراون و وابڕیارە بە دوو ژەم بدرێت بە هاوڵاتیان.

تاقیکردنەوە کاتییەکان کاریگەری ڤاکسینی سپۆتنیک ڤی-یان بە ڕێژەی ٩٢٪ دەرخستووە بۆ رێگریکردن لە توشبوون بە پەتای کۆرنای نوێ.

ئاژانسی هەواڵی تاسی روسیا لە زاری ئانا بۆبۆڤا سەرۆکی رێکخراوی چاودێری تەندروستی رایگەیاند، لە روسیا ١٠ ڤاکسین لە لیستی پەرەپێداندا تۆمارکراون.

هاوکات، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ماڵپەڕی فەرمی شارەوانی مۆسکۆ لە ئینتەرنێت رایگەیاندووە، دانیشتوانی شارەکە دەتوان خۆیان تۆماربکەن تا بتوانن بە خۆڕایی لە سبەینێ شەممەدا ڤاکسینەکە وەربگرن و بۆ ئەو مەبەستەش ٧٠ شوێن لە شارەکەدا دەستنیشانکراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، کارمەندانی کەرتی تەندروستی و پزیشکان و مامۆستایانی تەمەن ١٨ بۆ ٦٠ ساڵ یەکەم دەستە دەبن ڤاکسینەکە وەردەگرن بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارە وەزارەتی بەرگری ١٠٠ هەزار ژەم ڤاکسین وەربگرن و لەم مانگەدا ٥٠ هەزار سەرباز ڤاکسینەکەیان پێ بدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، روسیا تا ئێستا ٤٠٢ هەزار و ٩٤٩ کەس توشی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ٤٢ هەزار و١٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.