سەردێڕ:

ئازەربايجان چووە دوايین ناوچە کە ئەرمينيا رادەستيکردووە

فۆتۆ: 
2020-12-01

3059 جار خوێندراوەتەوە

لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستدا سوپای ئازەربايجان چووە پارێزگای لاچين کە دوايین ناوچەيە لەلايەن ئەرمينياوە رادەستکراوە.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربايجان رايگەياند، سوپاکەی چووەتە پارێزگای لاچين ئەوەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئەرمينيا و بە نێوەندگيری روسيا، کە بەپێی رێککەوتنەکە يەريڤان لە ناوچەکانی کالبەجار و ئاغدام و لاچين کشاوەتەوە.

بەرپرسانی ناوخۆی ناوچەکەش رايانگەياند، تا کاتژمێر شەشی ئێوارە مۆڵەتی چۆڵکردن بە دانيشتوانی لاچين دراوە، لەدوای چۆڵکردنی ناوچەکەش بەشێک لە ئەرمەنييەکانی پارێزگاکە هاوشێوەی ناوچە چۆڵکراوەکانی پێشوو خانو کەلوپەلەکانيان سوتاند.

رۆژی ١٠ی ئەم مانگە ڤلادمير پۆتن سەرۆکی روسيا ڕايگەياند، لەگەڵ سەرۆک وەزيرانی ئەرمينيا و سەرۆکی ئازەربايجان رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بە مەبەستی ئاگربەستی تەواوەتی لە ناوچەی قەرەباغ، بەپێی رێککەتنەکە ئەرمينيا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە لەدوای ساڵی ١٩٩١ کۆنتڕۆڵی کردوون.