سەردێڕ:

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ٢٠٢١دا پێویستییە مرۆییەکان بەرز دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-12-01

2662 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوایەکی مرۆیی لە جیهان دەکات، بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بە بڕی ٣٥ ملیار دۆلار بۆ ساڵی ٢٠٢١، ئەوەش لەپێناو روبەڕوبوونەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کۆرۆنای نوێ لەسەر ژیانی سەدان ملیۆن مرۆڤ دایناوە و بووەتە هەڕەشە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی هەژاری و بڵاوبوونەوەی برسێتی.

لەگەڵ قەیرانی پەتای کۆرۆنای نوێ، بەگوێرەی پلانەکانی وەڵامدانەوەی مرۆیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتیدانی مرۆیی دەبێت لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرزدەبێتەوە بۆ رێژەیەکی پێوەری نوێ کە دەگاتە ٣٢٥ ملیۆن کەس و بەبەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێژەی ٤٠% بەرزدەبێتەوە.

ئەو کۆمەکییەی رێکخراوەکە و بەشداربووانی داوای دەکەن بۆ هاوکاریکردنی ١٦٠ ملیۆن کەسە لەکۆی ٣٢٥ ملیۆن کەس کەبەسەر ٤٦ دەوڵەتدا دابەشبووە.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، زۆرینەی ئەو دەوڵەتانەش لەوانەن کە برسێتی و ناکۆکی و ئاوارەبوون و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و بڵاوبوونەوەی پەتا بەرۆکی گرتوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، پاش سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ لەگەڵ ئەوەی جیهانی کەرەنتینە کرد و جموجوڵی بازرگانی و گەشەکردنی ئابوری پەکخست، چەندین وڵات بەدەست ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جەنگە دەرەکییەکان و چەندین گرفتی ئابوری و سیاسیوە دەناڵێنن و روبەڕوی برسێتیەکی مەترسیداربوونەتەوە.