فۆتۆ:
2020-12-01
45053 جار خوێندراوەتەوە
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەحمەد مستەفا پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە گەڕەکی مەفتی شاری هەولێر، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی تەقەکانیان کردووە ماوەیەک دوای ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون و تاوەکو لەو جێگەیەدا پێیان گەیشتوون و تەقەیان لێکردوون.
ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەکە لە دوای کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکەوە بووە و تەقەیەکی زۆر کراوە، کە ئۆتۆمبێلەکەش زیاتر لە ١٠ گولـلەی پێوەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، چوار کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و ئەو کەسەی تەقەکەی کردووە رایکردووە، هاوکات، ئۆتۆمبێلەکە ژمارەی دهۆکی لەسەرە.
راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا لایەنە ئەمنییەکان بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە و هیچ کەسێکیش بە ناوی کەسوکاری کوژراو و بریندارەکانەوە ناهاتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا ئەوە دووەم رووداوی کوشتنە لە شاری هەولێر روویدابێت و تیایدا سێ کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.


