سەردێڕ:

سبەینێ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2020-12-01

14703 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و تیایدا باس لە پرسی موچە و یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو دەکات.

کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنی وەیزرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو تەوەرانەشی دەخرێتە بەر باس بریتیدەبێت لە، پرسی موچە و بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١، ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو سبەینێ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستانیش لەبارەی پرسی موچەوە کۆببێتەوە، بەڵام دواتر مونا قهوەچی سکرتێری پەرلەمان رایگەیاند، کە دانیشتنەکە دواخراوە.

هاوکات، هەر ئەمڕۆش جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "هەرکاتێک حکومەتی هەرێم بە گونجاوی زانی سەردانی بەغدا دەکات لەکاتێکدا لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت."

باسی لەوەشکرد، بەمزووانە حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە سەبارەت بە موچە دەکات و بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەدات، لەبارەی پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەى ساڵى داهاتووى عێراقدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە داواى مافەکانى خەڵکى هەرێممان کردووە کە رێژەی ٪١٧یە."

ئەوەش دوای ئەوەدێت، نزیکەى ٥٠ رۆژە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان موچەى مانگى ١٠ى ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و تاوەکو ئێستاش کاتى دابەشکردنى موچە دیارنییە و داوا دەکرێت هەرچى زووە شاندێکى هەرێم بچێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجە و نەوتەوە.