سەردێڕ:

مانگی رابردوو داهاتی فرۆشتنی نەوت لە عێراق سێ ملیار و ٣٩٥ ملیۆن دۆلار بووە

فۆتۆ: 
2020-12-01

765 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی فرۆشتنی نەوتی لە مانگی رابردوو بڵاوکردەوە، کە بەراورد بە مانگی پێشووتر، هەشت ملیۆن بەرمیل کەمتر نەوتی فرۆشتووە، بەڵام نرخی بەرمیلێک نەوت سێ دۆلار زیادیکردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای نیشتیمانی بۆ فرۆشتنی نەوت (سۆمۆ) لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، زیاتر لە ٨١ ملیۆن و ٢٦٢ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەشی نزیکەی سێ ملیار و ٣٩٥ ملیۆن دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە، بڕی ٧٨ ملیۆن و ١٩٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بەرهەمهێنراون و لە کێڵگەکانی کەرکوکیش زیاتر لە دوو ملیۆن و ٨١٩ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراون و بڕی زیاتر لە ٢٥٢ هەزار بەرمیلیش هەناردەی ئەردەن کراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بە تێکڕا رۆژانە دوو ملیۆن و ٧٠٩ هەزار بەرمیل هەناردەکراوە و بە تێکڕا هەر بەرمیلێک بە ٤١ دۆلار و ٧٧ سەنت فرۆشراوە.