سەردێڕ:

کێڵگەیەکی نەوتی لە عێراق بە کاتیۆشا کرایە ئامانج

فۆتۆ: 
2020-11-30

1120 جار خوێندراوەتەوە

کێڵگەیەکی نەوتی لە پارێزگای سەڵاحەدین بە چەند کاتیۆشایەک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کارکردن لە کێڵگەکەدا راگیرا و بەرهەمهێنانی نەوتیش لە کێڵگەکە بۆ ئاستی سفر دابەزی.

هاوکات، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و دەڵێت، بە دوو کاتیۆشا کێڵگە نەوتیی سینیای لە پارێزگای سەڵاحەدین کردووەتە ئامانج.

چەند سەرچاوەیەکیش لە کێڵگەی نەوتییەکەوە رایانگەیاندووە، بەهۆی هێرشە موشەکییەکەوە چەند بۆڕییەکی نەوتی کێڵگەکە زیانیان بەرکەوتووە و ئاگر لە عەمبارێکی نەوت کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی راوەستانی کار لە کێڵگەکەدا.

وەزارەتی نەوتی عێراقیش رایگەیاند، ئاگرەکەیان لە کێڵگە نەوتییەکە کۆنترۆڵکردووە و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە بەردەوام دەبێت.

کێڵگەی نەوتی سینیا توانای بەرهەمهێنانی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە و لە نزیک کێڵگەی نەوتی بێجی لە باکووری پارێزگای سەڵاحەدین هەڵکەوتووە.