سەردێڕ:

ئێران: دەزگای هەواڵگری چەند وڵاتێک لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکە تێوەگلاون

فۆتۆ: 
2020-11-29

10640 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هەواڵگری ئیسرائیل کردەوەی کوشتنی موحسین فەخری زادەی رێکخستووە و ئەگەر هەیە دەزگای هەواڵگری چەند وڵاتێکی تریش تێوەگلابن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەبولفەزل ئوموی نوێنەری لیژنەی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئێرنای وڵاتەکەی راگەیاند، "دەکرێت شوێن دەستی ئیسرائیل لە کوشتنی فەخریزادە هەبێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی رووداوەکە، ئەگەر هەیە دەزگای هەواڵگری وڵاتانی تریش تێوەگلابن."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی داخراوی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی کوشتنی فەخری زادە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری ئەنجامدراوە، تیایدا گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کردەوەکە بەشێوەیەکی ورد پلان بۆ داڕێژراوبووە.

هاوکات ئوموی بەڕوونی ئاماژەی بەناوی هیچ وڵاتێکی تێوەگلاو نەکردووە.

هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران بەزۆرینە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای گرتنەبەری رێوشوێنی ستراتیژی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئەمریکی بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی دەنگیدا و بەپێی یاساکە ئەو وڵاتە دەتوانێت بەڕێژەی ٢٠% یۆرانیۆم بپیتێنێت و رێگری دەکرێت لە پشکنینی نائاسایی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئێوارەی هەینی ٢٧ی تشرینی دووەم، موحسین فەخری زادە سەرۆکی سەنتەری توێژینەوە و تەکنەلۆژیای وەزارەتی بەرگری ئێران لە تاران کوژرا و لەیەکەم کاردانەوەیدا دەسەڵاتدارانی ئێران ئیسرائیلیان تۆمەتبار کرد.