سەردێڕ:

میلانیا ترەمپ کتێبی یاداشتەکانی لە کۆشکی سپی دەنووسێتەوە

فۆتۆ: 
2020-11-29

7915 جار خوێندراوەتەوە

 خانمی یەکەمی ئەمریکا و هاوژینی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە بەنیازە کتێبی یاداشتەکان و ژیانی لە کۆشکی سپی بنوسێتەوە و تیایدا دیدگای خۆی بۆ رووداوەکان بەو شێوەیەی بینیونی بخاتەڕوو.

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر و میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، میلانیا ترەمپ هاوژینی دۆناڵد ترمپ سەرۆکی ئەمریکا، دەستیکردووە بە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ چاپخانەکانی ئەو وڵاتە بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ نوسینی کتێبەکەی.

بەگوێرەی میدیاکان، دۆناڵد ترەمپی هاوژینی پشتیوانی خۆی بۆ ئەم کارەی میلانیا دەربڕیوە بۆ گێڕانەوەی رووداوەکان لە دیدگایەکی جیاوازترەوە.

ئەمەش یەکەمجار نییە خانمی یەکەمی ئەمریکا کارێکی لەم شێوەیە ئەنجامبدات، پێشتر میشێل ئۆباما پاش دوو ساڵ لە بەجێهێشتنی کۆشکی سپی یاداشتەکانی خۆی بڵاوکردەوە و زیاتر لە ١٠ ملیۆن دانەی لێفرۆشرا.

بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، پێشبینی دەکرێت خانەکانی چاپ و وەشاندنی ئەمریکا بەنرخێکی بەرز خوازیاری واژۆکردنی گرێبەست بن لەگەڵ میلانیا بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی، کە پێشترتش باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گرێبەستی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بە بەهای ٦٥ ملیۆن دۆلار واژۆکردبوو.

میلانیا ترمپ، بەڕەچەڵەک سلۆڤینیە و دایکی لە بواری مۆدە و باوکی بە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەوە سەرقاڵ بووە، پێش ئەوەی بگاتە میلانۆی ئیتاڵیا ئەندازیاری تەلارسازی خوێندووە و دواتر لە پاریس وەک نمایشکاری جل و بەرگ درێژەی بەکارەکانی داوە.

ساڵی ١٩٩٦ گەیشتووە ئەمریکا و لە ١٩٩٨ بۆ یەکەمجار دۆناڵد ترەمپی بینیوە و ساڵی ٢٠٠٥ لە فلۆریدا هاوسەرگیریان پێکهێناوە و تەنها جلی بوکێنیەکەی لەلایەن کریستیانا دیۆر بە بەهای  ٢٠٠ هەزار دۆلار دروستکراوە، هاوکات لەئاهەنگی گواستنەوەکەیدا بیڵ کلینتۆن و هیلاری هاوژینی ئامادەیبوون.

هاوکات پێنج زمانی جیهانی دەزانێت لە نێوانیاندا ئینگلیزی و ئیتاڵی و فەرەنسی و ئەڵمانی.