سەردێڕ:

وەزارەتى ناوخۆی تورکیا: ٦٤١ کەسمان بە تۆمەتى پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا دەستگیرکردووە

فۆتۆ: 
2020-11-29

955 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند، لەماوەى ٤٨ کاتژمێردا ٦٤١ کەسیان بە تۆمەتى بوونى پەیوەندییان بە پەکەکەوە لە تورکیا و باکورى کوردستان دەستگیرکردووە.

میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى ناوخۆى ئەو وڵاتە رۆژانى ٢٧ و ٢٨ ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنێکیان لە ٤٢ شارى تورکیا کردووە و تێیدا بە هەماهەنگى ئۆفیسەکانى داواکارى گشتى لەو شارانە گومانلێکراوەکانیان دەستگیرکردووە.

پێشتر سولەیمان سۆیلۆ وەزیرى ناوخۆى تورکیا رایگەیاندبوو، ژمارەى ئەندامانى پەکەکە بۆ ٣٢٠ کەس کەمبووەتەوە، لەکاتێکدا لەساڵى ٢٠١٦دا لەنێوان دوو هەزار و ٤٧٥ کەس بۆ دوو هەزار و٧٨٠ کەسدا بووە.

وەزیرى ناوخۆ باسى لەوەشکردبوو، ئامانجیان ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەى ئەندامانى پەکەکە بۆ خوار ٣٠٠ کەس لە تورکیا کەمبکەنەوە.

رۆژى ٢٧ى ئەم مانگە موراد قەرەیڵان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە لە یادى ٤٢ ساڵەى دامەزراندنىى پەکەکەدا رایگەیاند، تا ئێستا ١٠ هەزار کەسیان لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیادان.