سەردێڕ:

ترەمپ: گەورەترین ساختەکاری لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا کراوە

فۆتۆ: 
2020-11-29

2632 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی و لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنیدا لە کەناڵی فۆکس نیوسی ئەمریکی رایگەیاند، چەندین ئامێری دەنگدان بەهەزاران دەنگیان بۆ بایدن گواستووەتەوە، دەشڵێت، "ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە رێککەوتنێکی خێرا لەگەڵ ئێراندا واژۆدەکات."

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنیدا پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردە جیهانییەکان پەیوەندی بە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتەوە دەکەن تا پێی بڵێن "پڕ ئاژاوەترین هەڵبژاردنیان بینیوە."

راشیگەیاند، ئامێری دەنگدانەکان بەهەزاران دەنگیان بۆ بایدن گواستووەتەوە و گەورەترین ساختەکاری لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا کراوە.

دەشڵێت، کەسی واهەیە سێ چوار کارتی دەنگدانی بۆ کراوە و دەنگی پێداون، تەنانەت مردووەکانیش دەنگیان داوە.

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا رایگەیاند، ئەوەی لە جۆرجیا رویدا کارەسات بوو، باس لەوەشدەکات، پەشیمانە لەوەی رۆژێک یارمەتی حاکمی ئەو ویلایەتەی دابێت.

ئەوەشی خستەڕوو، "من زیاتر لە ٧٤ ملیۆن دەنگم بەدەست هێناوە، بایدن نەی توانیوە ٨٠ ملیۆن دەنگ بەدەست بهێنێت."

ئاماژەی بەوەشدا، "سەدان بەڵگەمان بەدەستەوەیە لەسەر بانگەشەکانمان، بەڵام دادگا گوێمان بۆ ناگرێ، ئێمە لە چ وڵاتێکدا دەژین و ئەمە چ هەڵبژاردنێکە؟".

هاوکات، رەخنەی گرت لەوەی تا ئێستا نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی کەسی لەسەر ساختەکاری دەستگیر نەکردووە، راشیگەیاند، "باشترین پارێزەریان هەیە بەڵام بەهۆی هەڕەشەکردنی مەترسیدارەوە کشاونتەوە."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بیری لەوە کردووەتەوە راوێژکارێکی تایبەت دەستنیشان بکات بۆ ئەم کەیسە رایگەیاند، "بەڵێ، بیری لێدەکەمەوە داواکارێکی تایبەت دەستنیشان بکەم."

لە ٣ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تیایدا جۆ بایدن بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا راگەیاندرا، بەڵام بەردەوام ترەمپ ئەنجامی راگەیاندراوی هەڵبژاردنەکانی رەتکردووەتەوە، لەکاتێکدا دوای سێ هەفتە لە هەڵبژاردنەکان دواجار ئیدارەکەی گڵۆپی سەوزی بۆ جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە هەڵکرد بچنە کۆشکی سپی.