سەردێڕ:

ئۆپيک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کۆدەبێتەوە

فۆتۆ: 
2020-11-29

1036 جار خوێندراوەتەوە

سبەينێ کۆبوونەوەی وەزيرانی نەوتی رێکخراوی ئۆپيک سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێوەدەچێت.

بەپێی هەواڵی ميديا جيهانييەکان، بڕيارە سبەينێ ١٨٠يەمين کۆبوونەوەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەی نەوت ناسراو بە ئۆپيک لە شاری ڤييەنا بەڕێوەبچێت، ئامانجی کۆبوونەوەکەش بەدەستهێنانی کۆدەنگيە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

هەروەها بڕيارە ئەمڕۆ روسيا و سعوديە لەگەڵ بەشێک لە بەرهەمهێنەرانی نەوت کۆببنەوە ئەوەش وەک ئامادەکارييەک بۆ کۆبوونەوە فەرمييەکانی ئۆپيک.

١٢ی نيسانی ئەمساڵ روسيا و سعوديە رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و لەو چوارچێوەيەدا بڕيارياندا لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگەکانی ئايار و حوزەيراندا بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ واتە بە بڕی نۆ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و دواتر ماوەکە درێژ کرايەوە.

لە ئێستادا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جيهاندا بە ٤٨ دۆلار و ١٨ سەنتە و نرخى بەرميلێک نەوتی خاوی ئەمريکيش بە ٤٥ دۆلار و ٥٢ سەنت دەفرۆشرێت، شارەزايانی ئابوريش پێيانوايە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.