سەردێڕ:

روسیا داوایەک لە بایدن دەکات

فۆتۆ: 
2020-11-28

2891 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی روسیا خوازیارە ئیدارەی جۆ بایدن دەستبەرداری پلانی ئاشتی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەبە "رێککەوتنی سەدە" ناسراوە.

میخائیل بۆگدانۆف جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، "رێککەوتنی سەدە لەلایەن فەلەستینیەکانەوە رەتکراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵدان بۆ سەپاندنی بڕیارێکی تاکلایەنە و سەپاندنی بەسەر بەرامبەردا چارەسەرێکی دادپەروەرانە و پاک و قبوڵکراوی لێناکەوێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەهەوڵدایە لە پلانەکانی ترمپ بکشێتەوە، یاسایەکی نێودەوڵەتی هەیە کە دەکرێت کێشەی فەلەستینی پێ چارەسەربکرێت و سەقامگیریی پێکەوەژیان لەنێوان هەردوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیلدا بهێنێتەکایەوە.

هاوکات، بۆگدانۆف خوازیاربوو ئیدارەی نوێی ئەمریکا پاشگەزببێتەوە لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ دۆسیەی سوریا و هاوتای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەنگاوبنێت کە بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ سورییەکان خۆیان کێشەکانی خۆیان چارەسەربکەن.

لەلایەکی دیکەوە، لەبارەی کشانەوەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە رێککەوتنی سەدە رایگەیاند، "لەو باوەڕەدام شتێکە دەکرێت رووبدات، دەی بینین".

رێککەوتنی سەدە (نەخشەڕێگەی ئاشتی) پلانێکی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپە کە بە بەشداری راوێژکارە باڵاکانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێی لەمێژینەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ئامادەکراوە، بەڵام لەلایەن حکومەتی فەلەستینەوە رەتکرایەوە.