سەردێڕ:

لە پاکستان ئەو پیاوانەی دەستدرێژی سێکسی بکەنە سەر ژنان دەخەسێنرێن

لە بڕیارێکی نوێی ئەو وڵاتەدا
فۆتۆ: 
2020-11-27

12053 جار خوێندراوەتەوە

لە بڕیارێکی جیاوازدا، کۆماری ئیسلامی پاکستان بڕیاریدا بە خەساندنی ئەو پیاوانەی کە دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ژنان.

عیمران خان سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی، پرۆژەیەکی واژۆ کردووە کە تێیدا بڕیاردراوە، بە خەساندنی هەر پیاوێک دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر ژنان.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕاشیگەیاندوە، دەبێت بە زووترین کات ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و نابێت دوابکەوێت بۆ ئەوەی ژینگەیەکی ئارام بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن.

عیمران خان داواشی لەو ژنانە کرد، کە لە دەستدرێژی سێکسی رزگاریان بووە، سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکەن کە هێرشیان کردۆتە سەریان بە بێ هیچ ترسێک و حکومەتیش پارێزگاریان لێدەکات بە بێ ناوهێنانیان.

پێشتریش لە پاکستان، سزای ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەر ژنان بریتی بوو لە ٢٥ ساڵ زیندانیکردن، یاخود لەسێدارەدانیان وەک سزایەک بەرامبەر ئەو دەستدرێژیە.

بەڵام بەشێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنە لەو بڕیارە دەگرن و بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناوی دەبن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، ژنێک لە پاکستان لەپێش چاوی هەردوو منداڵەکەی لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستدرێژی سێکسی کرایە سەری، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگای دەرەوەی شار بەهۆی بێ بەنزینییەوە پەکی کەوتبوو، ئەو دەستدرێژیکردنەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

پێشتریش لە وڵاتی هندستانی دراوسێی پاکستان، بەهۆی رووداوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، حکومەت کۆمەڵێک سزای توندی بۆ ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە دەرکرد.