سەردێڕ:

ڤیدیۆ... لە زیقار پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی سەدر روویدا

فۆتۆ: 
2020-11-27

1894 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لە پارێزگای زیقار پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانی تشرین لە مەیدانی حەبوبی لە ناوەڕاستی ئەو شارە  و لایەنگرانی سەدر روویدا و بەوهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و ٤٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ هەینی، چالاکوانانی تۆڕی کۆمەڵایەتی گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە، تیایدا دەرکەوتووە پاش هەڵکوتانە سەر چادرگەکانی خۆپیشاندەران لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە، بە فیشەک چەند کەسێک برینداربوون.

بەگوێرەی چالاکوانەکان، لایەنگرانی سەدر بە فیشەک و بەرد و چەقۆ و دارەوە پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوە.

ئێوارەی پێنجشەممە، دەیان خۆپیشاندەر کە کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی تشرین بوون رژانە سەر پردی زەیتون لەناوەڕاستی ناسرییە و چەندین تایەیان سوتاند و داوای لێپێچینەوەی بکوژانی خۆپیشاندەرەکانیان دەکرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لەو شارە نزیکەی ٤٦ کەس کوژران و پردی زەیتون بۆ ماوەی یەک ساڵ بە رووی هاوڵاتیانی شارەکەدا داخرا.