فۆتۆ:
2020-11-27
5078 جار خوێندراوەتەوە
بەڕێوەبەری رێگاوبانی سەقز رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەکانی نێوان سەقز – دیواندەرە و سەقز – بانە داخراون و لە هەندێك ناوچەش نزیکەی ٨٠ سانتیم بەفر باریوە.
مەحمود رۆحانیزادە بەڕێوەبەری رێگاوبانی سەقز بە ئاژانسی میهری راگەیاندووە، لە هەندێک ناوچە نزیکەی ٨٠ سانتیم بەفر باریوە و هاتوچۆ ئەستەمە بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون.
باسی لەوەشکردووە، کە بارینی ئەو رێژە زۆرەی بەفر دوور لە چاوەڕوانی ئەوان بووە و لە ئێستادا لە رێگەی پێنج تیمەوە سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی، سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان و مەریوانن.
بەڕێوەبەری رێگاوبانی سەقز دەشڵێت، کە بەفربارین بووەتە هۆی داخرانی ملەی مەحمودئاوا و گواستنەوەی مادە کانزاییەکانیش لە سنورەکەدا کێشەی بۆ دروستبووە.
ساڵانە لە وەرزی زستاندا چەند شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵات و باکور و باشوری کوردستان دەگرێتەوە و هەندێک جاریش بەهۆی بەفرەوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستدەبێت.