سەردێڕ:

ئەمڕۆش سلێمانی لە گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا پێشەنگی شارەکانی عێراقە

فۆتۆ: 
2020-11-27

15865 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لە عێراق دوو هەزار و ٥٤٥ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا و هەزار و ٩٢١ چاکبوونەوە و ٤٢ گیانلەدەستدان تۆمارکراوە کە ١٦یان لە پارێزگای سلێمانیدان. بەوەش، چەندین رۆژە سلێمانی لەناو سەرجەم شارەکانی عێراقدا، پلەی یەکەمی لە گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گرتووە.

ئەمڕۆهەینی، وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار و ٥٤٥ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش، ٤٠٣ حاڵەتیان دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە.

ئەو ٤٠٣ حاڵەتەی هەرێمی کوردستان بەجۆرێکە، هەولێر ١٠٥ سلێمانی ١٥٤ و دهۆکیش ١٤٤ حاڵەت لەخۆدەگرێت.

تەندروستی عێراق دەشڵێت، هەزار و ٩٢١ کەس لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە، کە ٢٠٩ حاڵەتیان دەکەونە هەرێمەوە بەجۆرێک هەولێر ١٢٨ سلێمانی ٧٩ و دهۆکیش ٢ حاڵەتی چاکبوونەوە لەخۆدەگرێت.

تەندروستی عێراق باسی لەوەشکردووە، ٤٢ کەس بە نەخۆشییەکە گیانیان لەدەستداوە، کە ٢٦ حاڵەتیان لە هەرێمدان بەجۆرێک، لە هەولێر ٧، سلێمانی ١٦ و دهۆک ٣ حاڵەت لەخۆدەگرێت.

بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا ٥٤٧ هەزار و ٢١٥ کەس لە عێراقدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش، ١٢ هەزار و ١٦٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٧٦ هەزار و ٢٩٧ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.

لەو ژمارەیەش، لە هەرێمی کوردستاندا تاوەکو ئێستا ٩٥ هەزار و ٦٣٨ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هاوکات، ٥٩ هەزار و ٢٤١ کەسیان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و ١٠٤ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.