فۆتۆ:
2020-11-27
923 جار خوێندراوەتەوە
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە سەرێکانی، سێ کەس کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.
کاوە ئەدهەم پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندی جەنبی رۆژئاوای شارۆچکەی سەرێکانی رۆژئاوای کوردستان، تەقیەوە و بەوهۆیەشەوە سێ کەس کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەشکردووە، ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوە بە بارەگایەکی چەکدارانی نزیک لە تورکیا، بەناوی "أحرار الشرقية" تەقیوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ئێستادا بارودۆخی ژمارەیەک لە بریندارەکان ناجێگیرە و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢٤ی ئەم مانگەشدا، لە ئاکامی دوو تەقینەوەی جیاواز لە هەریەکە لە شارەکانی عەفرین و بابی رۆژئاوای کوردستان، هەشت کەس کوژران و نزیکەی ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.