سەردێڕ:

ئایا چیرۆکی بلاک فڕایدەی چۆن سەریهەڵداوە؟

فۆتۆ: 
2020-11-27

8098 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ چوارەم هەینی مانگی تشرینی دووەمە و لە ئەمریکادا رۆژی هەینی رەش (بلاک فرایدەی) بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا لە بەشێکی زۆری بازاڕەکانی ئەمریکا و ئەوروپادا داشکاندن دەکەن، لێرەدا وەڵامی ئەوە دەدەینەوە، کە ئایا (بلاک فڕایدەی) چییە و چۆن سەری هەڵداوە؟

رۆژی هەینی رەش (بلاک فڕایدەی) لە رووی بازرگانییەوە یەکێک لە دیارترین رۆژەکانی ساڵە، ئەو رۆژەش کۆتا رۆژی هەینی مانگی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکە و بۆ ئەمساڵیش دەکاتە ٢٧ی تشرینی دووەم، کە دوای جەژنی سوپاسگوزاریی دێت و وەک رۆژی بەخشین وایە، چونکە تیایدا بەشێکی زۆر لە خاوەن دوکان و مۆڵەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش داشکاندنی زۆر بۆ کاڵاکانیان دەکەن، هەر بۆیە هەموو ساڵێک خەڵکانێکی زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی هاتنی بلاک فڕایدەی دەکەن.

هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە لەم رۆژەدا، بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان  لەو رۆژەدا روو لە بازاڕ دەکەن، بەو هۆیەشەوە بازاڕەکان قەرەباڵغیەکی زۆر بەخۆیانەوە دەبینن، کە هەندێک جار بەشێکی کڕیارەکان لە وەستانیان بۆ چەند کاتژمێرێک لە ریزێکی دوورودرێژدا بێزار دەبن و چەندین جاریش پشێویی لێکەوتووەتەوە.

لە ئێستادا ئەگەرچی، بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا رەنگە بازاڕەکان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو قەرەباڵغ نەبن و دوکاندارەکانیش پێشوەختە پلاندادەنێن، کە چۆن لە بلاک فڕایدەیدا کڕیارەکان بەلای خۆیاندا رابکێشن و کڕیارەکان لەو رۆژەدا زۆرترین کەلوپەل بکڕن، تەنانەت ئەگەر پێویستیشیان نەبێت ئەوەش بەهۆی کەمی نرخەکانیانەوە.

ئایا چیرۆکی هەینی رەش (بلاک فڕایدەی) چۆن سەریهەڵداوە؟

لەسەرەتادا هەینی رەش وەک ئێستا بریتی نەبوو لە پشوویەک بۆ بازاڕکردن، بەڵکو لە ساڵی ١٨٦٩دا پەیوەندی بە قەیرانێکی داراییەوە هەبوو ئەوەش دوای داڕمانی بازاڕی زێڕ.

لەو کاتەدا لە ئەمریکا هەردوو بازرگان، جای گوڵد و جیم فیسک تا لە توانایاندا بوو زێڕەکانی دەوڵەتی ئەمریکایان کڕی بەو هیوایەی دواتر بەهاکەی بە رێژەیەکی پێوانەیی بەرزببێتەوە و سوودی ماددی گەورە بکەن، بەڵام دواتر بەڕێکەوت پلانی ئەو دوو بازرگانە لە چوارەم هەینی مانگی تشرینی دووەم ئاشکرا بوو و لەو رۆژەدا بۆرسەکان داڕمان و ئەو دوو بازرگانە و چەند بازرگانێکی دیکە لە ئەمریکادا مایەپوچبوون.