سەردێڕ:

ئایا ئۆپێک لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوامدەبێت؟

فۆتۆ: 
2020-11-27

1868 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە رێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت "ئۆپێک" لە ٣٠ی تشرینی دووەم کۆببێتەوە و وادەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەندامەکانی درێژبکاتەوە، کە لە مانگی نیسانی رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە رێکخراوی ئۆپیک+ بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی دا، هاوکات عێراقیش دەیەوێت دۆخی ئابوری و سیاسی وڵاتانی ئەندام لەبەرچاوبگیرێت.

ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ئەمریکی لەزاری عەلی عەلاوی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، داوا لە رێکخراوی ئۆپێک کراوە دۆخی ئابوری و سیاسی وڵاتانی ئەندام لەبەرچاو بگرێت لەکاتی دەستنیشانکردنی رێژەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت  لەجیاتی پشبەستن بە سیاسەتی "یەک پێوەری گونجا و بۆ هەموو بەرهەمهێنەران."

راشیگەیاند، "گەیشتووینەتە ئەوپەڕی ئاستی توانا و ئامادەییمان بۆ قەبوڵکردنی ئەم سیاسەتە، پێویستە وردتربن و بابەتەکە پەیوەستبکرێتەوە بە پشکی داهاتی تاکەکەس و بوونی سندوقی سامانی گشتی کە ئێمە هیچیمان نیە".

ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو لەجیاتی وەزارەتی نەوتی عێراق لێدوان نادات، کە لایەنی پەیوەندیدارە بۆ بڕیاردان لەسەر هەرشتێک پەیوەستبێت بە رێکخراوەکەوە، بەڵام ئەم لێدوانانە دەرخەری ناکۆکی نێوان ئەندامانی رێکخراوەکەن پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ٣٠ی تشرینی دووەم.

عێراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە پاش سعودیە و بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەی ئابوری و دارایی بۆ دروستبوو بەتایبەتی دابینکردن و خەرجکردنی موچەی فەرمانبەران.

پێشتریش بەرپرسانی باڵای ئیمارات، کە وڵاتێکی ئەندامە لە رێکخراوەکە، بەشێوەیەکی رانەگەیاندراو ئاماژەیان بە نیازی وڵاتەکەیان کرد بە کشانەوەی لە رێکخراوەکە، هاوکات نەیجیریا چەند جارێک داوای جیاکردنەوەی وڵاتەکەی کردبوو لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

بریارە رێکخراوی ئۆپیک+، کە هاوپەیمانی ئۆپێکە و چەند وڵاتی تری بەرهەمهێنی نەوتی وەک روسیا ئەندامن، پاش یەک رۆژ لە کۆبوونەوەی ئۆپێک، کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێ کردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

لە مانگی نیسانی رابردوو ئۆپیک+ بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بڕیاریدا بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی ٢٣٪ کەمبکاتەوە، کە سعودیە و روسیا یەکەم وڵاتبوون رێککەوتنەکەیان جێبەجێکرد.

هاوکات بڕیار وایە بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا کۆی بەرهەمهێنانی ٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ ٥ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە.