سەردێڕ:

میسر ئێسکی کۆنترین باڵندەی پێلیکانی دۆزییەوە

فۆتۆ: 
2020-11-27

6675 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پاراستنی ناوچە ناوەندییەکانی میسر رایگەیاند، لە دۆڵی نەهەنگەکان و بەدیاریکراوی لە ناوچەی پاراستنی دۆی رەیان لە وڵاتەکەیان ئێسکی ژمارەیەک باڵندەی پێلیکان دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ ٣٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دکتۆر محەمەد سامیح بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی ناوچە ناوەندییەکان بە ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی راگەیاند، "هێشتا زۆر نهێنی دۆڵی نەهەنگەکان ماون کە ئاشکرا نەکراون، ئێمە لەبەردەم دۆزینەوەیەکی ناوازەداین."

دەشڵێت، ئێسکەکان دەگەڕێنەوە بۆ ٣٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، بەمەش ئەمە کۆنترین پێلیکان دەبێت لە مێژوودا دۆزرابێتەوە، کە ئەوەش گرنگی دۆزینەوەکەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە دۆزینەوەیەکی ناوازەیە بۆ مێژووی ئێسکی ئەم باڵندەیە و ئەو دەرچە مێژوویەی کەبە چاخی ئایۆسین ناسراوە، پێشتر دۆزینەوەی لەم جۆرە کە بگەڕێتەوە بۆ ئەو چاخە نەکراوە."

ئەوەشی خستەڕوو، توێژینەوە و پەڕاوی زانستی ئەم دۆزینەوەیە تەواوکراوە و لە ئێستاوە تا مانگێکی تر و پاش تەواوکردنی رێوشوێنەکان بەفەرمی رایدەگەیەنن.

دۆڵی نەهەنگەکان دەکەوێت ناوچەی پاراستنی دۆڵی رەیان لە پارێزگای فیوم لە میسر و بە دووری ١٥٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتەوە، پێش ٤٠ ملیۆن ساڵ ئەم ناوچەیە بە ئاوی دەریای ناوەڕاست داپۆشراوبووە.