سەردێڕ:

سوپای ئیسرائیل کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

فۆتۆ: 
2020-11-26

31025 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل رایانگەیاند، کە حکومەتی ئەو وڵاتە فەرماندە سەربازییەکانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن و ئەوەشی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گەڕاندووەتەوە.

ماڵپەڕی زە هیڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ئیسرائیل، دەکرێت لە ئێستاوە تاوەکو دەستبەکاربوونی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا، واشنتۆن بڕیاری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران بدات و لە کاردانەوەدا، تاران هێرشبکاتە سەر تەلئەبیب.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە هەفتەی رابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوور لە چاوی میدیاکان سەردانی سعودیەی کردووە و چاویکەوتووە بە محەمد بن سەلمانی جێنشینی ئەو وڵاتە و پرسی ئێران تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان بووە.

هەفتەی رابردوو، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکیش ئاماژەی بەوەکرد، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لەپەرەپیدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، دۆناڵد ترەمپ بیر لە هێرشی سەربازی دەکاتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە.