سەردێڕ:

ئایا عێراق لەو ڤاکسینەی دەیهێنێت بەشی هەرێمی کوردستان دەدات؟

فۆتۆ: 
2020-11-26

3815 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق رایگەیاند، بڕیارە هەشت ملیۆن ژەمەڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە وڵاتەکە و لەو بڕەش بەشی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا، دەشتی بوستانی ئەندامی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنای عێراق ئاشکرایکرد، کە عێراق بەشداری رێککەوتنی کۆنڤاکسی کردووە و تیایدا نۆ کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی دەرمانی جیهانی بەشدارە. وتیشی، "عێڕاق بڕی ١٨٠ ملیۆن دۆلاری پێشەکی پێشکەش کردووە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە دڵنیاییەوە پشکی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی کۆرۆنا کە دێتە عێراق دەنێردرێت و لە کۆبوونەوەکانشیدا لەگەڵ حکومەتی هەرێم جەختی لێکراوەتەوە.

دوای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە سەرانسەری جیهاندا ناوەندە پزیکیشکی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمانی تایبەت بە کۆرۆنا هەوڵەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خستەگەڕ، لەوانەش کۆمپانیاکانی فایزەر و مۆدێرنا، کە ئاشكرایانکردبوو ئەو ڤاکسینەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا پەرەیان پێداوە، ٩٥% رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکات.

هاوکات، زانکۆی ئۆکسفۆردیش دوایین زانیاری لەسەر ڤاکسینەکی خستەڕوو و باسی لەوەکرد، کە ڤاکسینەکەیان قۆناغێکی باشی بڕیوە و تاوەکو ٩٠% کاریگەریی پەیداکردووە.

بە هەموو ئەگەرەکان، چاوەڕێدەکرێت لە مانگی داهاتوودا دەست بە کوتانی کەسانی بەتەمەن و کارمەندانی هێڵی پێشەوەی کەرتی تەندروستی بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بکرێت.